ترەمپ بۆ رووداو: باشترە ئێران رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AA/ Kyle Mazza
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AA/ Kyle Mazza
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باشترە ئێران بە دانوستاندن بگاتە "رێککەوتنێکی دادپەروەرانە" و گوتیشی، 32 هەزار کەس لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی دژی حکومەت، لە ئێران کوژراون.

رۆژی هەینی، 20ی شوبات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئێرانەوە گوتی، "بۆ ئەوان باشترە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکەن. دەزانن خەڵکی ئێران زۆر جیاوازن لە سەرکردەکانی ئێران. دۆخی خەڵکە دڵگرانکەرە."

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە خەڵکی ئێران "لە دۆزەخدا دەژین". ترەمپ بە رووداوی گوت، "دوو هەفتە لەمەوبەر"، بەرپرسانی ئێران بەنیازبوون 837 کەس لەسێدارە بدەن.

ترەمپ گوتیشی، بەرپرسانی ئێران "بەنیازبوون هەندێکیان بە کرێن هەڵبواسن، خەڵک بە کرێنی بەرزەوە هەڵدەواسن و بەنێو گۆڕەپانەکەدا دەیانسووڕێننەوە."

ترەمپ بە رووداوی گوت، "بەڵام پەیامم پێدان کە ئەگەر ئێوە یەک کەس، تەنانەت یەک تاکە کەس لەسێدارە بدەن، لە هەموو شوێنێکتان دەدرێت." گوتیشی، "من ئەوکات بەنیاز نەبووم چاوەڕێی دوو هەفتە دانوستاندن بکەم."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، پەیامەکەی کاریگەریی هەبووە، "ئەوان دەستیان لە لەسێدارەدانەکە هەڵگرت؛ ئەوان 837 کەسەکەیان لەسێدارە نەدا. دەبێت هیچ کەسێکیان لەسێدارە نەدابێت. بەڵام ئێستا دڵم زۆر تووندە بۆ خەڵکی ئێران، ئەوان لە دۆزەخدا دەژین."

قسەکانی ترەمپ ئاماژەن بۆ خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025 و سەرەتای 2026.

ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ باس لەوە دەکات کە هەڕەشەی راستەوخۆی ئەو وایکردووە ئێران لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ رابگرێت. پێشتر محەممەد موەحیدی ئازاد، داواکاری گشتیی ئێران ئەو قسانەی رەتکردووەتەوە و بە "تەواو ناڕاست" ناوی بردبوون.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان لە مەسقەت و جنێڤ بەڕێوەچوون. ئەمریکا داوای سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێران دەکات، لە بەرامبەردا ئێران جەختی لە "مافی" وڵاتەکەی بۆ پیتاندنی مادە ئەتۆمییەکە کردووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ دیپلۆماسی، ترەمپ مۆڵەتی 15 رۆژی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن داناوە و وەک گوشارێک بۆ سەر ئێران، هێزی دەریایی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
 
 
دەقی پرسیارەکانی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن و وەڵامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:

رووداو: بەڕێز سەرۆک، پەیامت چییە بۆ خەڵکی ئێران دوای دوو گەڕی دانوستاندن؟ هیچ پەیامێکت هەیە بۆ خەڵکی ئێران؟
 
ترەمپ: ئەوانەی نێو ئێران یان ئەوانەی لێرەن؟
 
رووداو: ئەوانەی لەنێو ئێرانن.
 
ترەمپ: بۆ ئەوان باشترە دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکەن. باشترە دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکەن. دەزانن کە خەڵکی ئێران زۆر جیاوازییان لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران هەیە. دۆخەکەیان زۆر زۆر دڵگرانکەرە. 32 هەزار کەس کوژران لە ماوەیەکی زۆر کورتدا. بەنیاز بوون 800 کەس... دوو هەفتە لەمەوبەر، بەنیاز بوون، لەسێدارەیان بدەن، هەندێکیان بە کرێن هەڵبواسن، خەڵک بە کرێنی بەرزەوە هەڵدەواسن و بە نێو گۆڕەپانەکەدا دەیانسووڕێننەوە، بەنیاز بوون 837 کەس لەسێدارە بدەن. بەڵام من پەیامم پێدان کە ئەگەر ئێوە یەک کەس، تەنانەت یەک تاکە کەس لەسێدارە بدەن، لە هەموو شوێنێکتان دەدرێت. من ئەوکات بەنیاز نەبووم چاوەڕێی دوو هەفتە دانوستاندن بکەم. ئەوان دەستیان لە لەسێدارەدانەکە هەڵگرت، ئەوان 837 کەسەکەیان لەسێدارە نەدا. دەبێت هیچ کەسێکیان لەسێدارە نەدابێت. بەڵام ئێستا دڵم زۆر تووندە بۆ خەڵکی ئێران، ئەوان لە دۆخێکی دەژین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یۆناس سیۆستێت، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە پارتی چەپی سوێد

پەرلەمانتارێکی ئەورووپا بۆ رووداو: دەبێت گەمارۆی سەر کۆبانی بشکێندرێ و هاوکارییەکان بۆ دیمەشق بە مەرج بن

یۆناس سیۆستێت، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە پارتی چەپی سوێد، دوای سەردانەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.