رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.
بنەمای یاسایی بڕیارەکە
دادگەکە کە زۆرینەی کەسانی پارێزگارن، بە دەنگی 6 دادوەر بەرامبەر 3 دادوەر بڕیاریدا کە یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان" (IEEPA) رێگە بە سەرۆک نادات پێناسی گومرگی بسەپێنێت."
دادوەرەکان ئاماژەیان بەوە کرد، ئەگەر کۆنگرێس مەبەستی بوایە دەسەڵاتێکی لەو شێوەیە بداتە سەرۆک، ئەوا بە روونی لە یاساکەدا دەینووسی، وەک چۆن لە یاساکانی دیکەی پەیوەست بە پێناس کردوویەتی.
کێ بڕیارەکەی پەسندکرد و کێ دژی بوو؟
هەر سێ دادوەرە لیبراڵەکەی دادگەی باڵا لەگەڵ سێ دادوەری پارێزگار پێکەوە بوون. لە بەرامبەردا، هەریەکە لە دادوەرە پارێزگارەکان (برێت کاڤانۆ، کلارنس تۆماس و ساموێل ئەلیتۆ) لەگەڵ پێناسە گومرگییەکە بوون.
جۆن رۆبێرتس، سەرۆکی دادگەکە گوتی: "یاسای IEEPA هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ پێناس یان رسوماتی گومرگی."
کاریگەرییەکان لەسەر بازاڕ و داهات
ئیدارەی ترەمپ سەرەتا ئەم یاسایەی بەکارهێنا بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر مەکسیک، کەنەدا و چین، بە پاساوی کۆنترۆڵکردنی کۆچبەری نایاسایی و مادە هۆشبەرەکان.
دواتریش لیستەکە گۆڕانی بەرفراوان بوو و زۆربەی وڵاتانی جیاوازی گرتەوە.
چی گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت؟
ئەم بڕیارەی دادگە ئەو پێناسانە ناگرێتەوە کە ترەمپ بە شێوەیەکی جیاواز بەسەر هاوردەی پۆڵا (ستیل) و ئەلەمنیۆمدا سەپاندوونی، چونکە ئەوانە بە گوێرەی یاسایەکی دیکەن.
برێت کاڤانۆ، یەکێک لەو دادوەرانەی دژی بڕیارەکە بوو، هۆشداری دا کە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی وەک پێناس لە کۆمپانیاکان وەرگیراوە، "پشێوییەکی گەورە" دروست دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ