ئەمریکا سزای بەسەر سێ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانیدا سەپاند

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی ترەمپ سزای بەسەر سێ کۆمپانیای گەورەی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانیدا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی ملیاران دۆلاریان بۆ حکومەتی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران سپیکردووەتەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە هۆشدارییەکی تووند دەداتە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و دەڵێ، هەر کەشتییەکیان باج یان پارە بداتە ئێران بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
 
سزاکان لە چوارچێوەی گوشارە ئابوورییە بەردەوامەکانی واشنتن بۆسەر تاران دێن.
 
رۆژی هەینی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو سێ کۆمپانیایە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە خۆدزینەوەی ئێران لە سزاکانی ئەمریکا و ئاسانکارییان کردووە بۆ گواستنەوەی پارەی قاچاخ، ئەوەش بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان و پارەدارکردنی کارەکانی تاران لە دەرەوەی وڵات.
 
سەپاندنی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە لووتکەدان و واشنتن گەمارۆی تووندی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتە. 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری تووندی داوە و رایگەیاندووە، چیدیکە رێگە نادات ئێران و هێزە بریکارەکانی سیستمی دارایی جیهانی بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بەکاربهێنن و هەر کەس و لایەنێکیش لەسەر ئاستی جیهان مامەڵە لەگەڵ ئەو سێ کۆمپانیایەی دراودا بکات، راستەوخۆ رووبەڕووی سزای تووندی ئەمریکا دەبێتەوە.
 
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ: "ئێران سەری ماری تیرۆری جیهانییە. وەزارەتی گەنجینە بەشێوەیەکی هێرشبەرانە کاردەکات بۆ پچڕاندنی دەمارە داراییەکانی سوپای ئێران. ئێمە بێ وەستان بەدوای توانای پەیداکردن و گواستنەوەی پارەی رژێمەوە دەبین؛ هەروەها بەدوای هەر کەسێکیشدا دەگەڕێین کە هاوکاریی تاران بکات بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان."
 
سزادراوەکان 
 
1-کۆمپانیای پدرام پیروزان و هاوبەشەکانی کە بە ئۆپاڵ ئێکسچەینج ناسراوە.
 
2-کۆمپانیای ناسر قاسمی راد و هاوبەشەکانی کە بە رادین ئێکسچەینج ناسراوە.
 
3-کۆمپانیای تەحەیوری و هاوبەشەکانی کە بە کۆمەڵەی زامنی تەحەیوری یان ئەرز ئێران ئێکسچەینج ناسراوە.
 
سزاکان هەروەها 15 کۆمپانیاش دەگرنەوە کە تەنیا بە ناو هەن و لەلایەن ئەم کۆمپانیایانەوە بۆ سپیکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا بەکارهێنراون.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریش دەدات، هەر کەس و دامەزراوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەم لایەنانە بکات، یان ئاسانکارییان بۆ بکات، رووبەڕووی سزای تووند و دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەکانی دەبێتەوە.
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و رایگەیاند، هەر کەشتییەکیان باج یان پارە بداتە ئێران بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
 
نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن ئاگاداری ئەو هەڕەشانەیە تاران دەیانکات بۆ وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر رێگەدان بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا.
 
وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا دەڵێ، هەر جۆرە پارەدانێک، چ بە دراوی کاخەز بێت یان دراوی دیجیتاڵی، یان تەنانەت بەناوی "هاوکاریی خێرخوازی" بۆ ئەو وڵاتە، وەک پێشێلکاری هەژمار دەکرێ و سزا دەدرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لارس کلینگبایل، جێگری راوێژکار و وەزیری دارایی ئەڵمانیا

جێگرى راوێژکاری ئەڵمانیا: ناکرێ خۆمان بە میزاجی ترەمپەوە گرێ بدەین

لارس کلینگبایل، جێگری راوێژکار و وەزیری دارایی ئەڵمانیا وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێ، ئەڵمانیا و ئەورووپا پێویستییان بە ئامۆژگارییەکانی نییە و نابێت چارەنووسی وڵاتەکەی بە میزاجی سەرۆکی ئەمریکاوە ببەسترێتەوە