رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 1ی ئایاری 2026، وادەی یاسایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەردەوامیدان بە شەڕی ئێران بی گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس کۆتایی هات، بەڵام ئیدارەکەی پێیوایە، بەهۆی ئاگربەستەکەوە ئەو وادەیە نەماوە و هەربۆیە ئۆپەراسیۆنی نوێ پێویست بە بڕیاری کۆنگرێس ناکات. سیناتۆرێکی دیموکراتەکانیش باس لەوە دەکات، هێرشی سەربازیی خێرا بۆسەر ئێران ئەگەرێکی بەهێزە.
هێرشی نوێ لەسەر مێزە
بە کەناڵی CNNی راگەیاند، لە چەند دانیشتنێکی هەواڵگریی نهێنیدا پێی گوتراوە کە بژاردەی هێرشی سەربازیی نوێ و خێرا دژی ئێران "بەتەواوی لەسەر مێزە."
کەناڵەکە لە زاری بلوومێنتڵەوە دەڵێت: "بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی بەدەستم گەیشتوون، هەست دەکەم ئەگەری هێرشی سەربازی بەهێزە و لەسەر مێزە، ئەمەش زۆر جێی نیگەرانییە، چونکە رەنگە کوڕان و کچانی ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە و ببێتەهۆی قوربانییەکی زۆر. ناتوانم وردەکاریی زیاتر بدەم، چونکە زانیارییەکانم لە کۆبوونەوەی نهێنیدا وەرگرتوون. بەڵام ئەمە، وەک پلانێک، هەیە."
گوشار و دانوستاندن بەردەوامن
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستێکی لەرزۆک لە 8ـی نیسانەوە، ئەمریکا بەردەوامە لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی تاران بە داخستنی تەنگەی هورمز، کە رێڕەوێکی ستراتیژییە و پێنجیەکی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێ لە کاتی ئاساییدا.
ئێستاش هەردوولا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە، بەتایبەتی لە رێگەی پاکستانەوە سەرقاڵی دانوستاندنن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی. ئەمڕۆش میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تاران نوێترین پێشنیازی خۆی رادەستی نێوەندگیرە پاکستانییەکان کردووە.
مشتومڕی یاسایی لەسەر وادەی شەڕ
بەپێی یاسای ساڵی 1973ی دەسەڵاتەکانی جەنگ لە ئەمریکا، سەرۆک تەنیا 60 رۆژی لەبەردەستە بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، دواتر دەبێت مۆڵەت لە کۆنگرێس وەربگرێ یان هێزەکانی بکێشێتەوە. شەڕی ئێران لە 28ـی شوبات بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد، بۆیە 1ی ئایار دوا وادە بوو بۆ ترەمپ.
بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی راگەیاند، ئاگربەستەکەی سەرەتای مانگی نیسان، بەپێی یاساکە "کۆتایی بە دووژمنکارییەکان هێناوە." هەروەها پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش لە ئەنجوومەنی پیران گوتی، تێگەیشتنی ئەوان وایە کە کاژێری 60 رۆژەکە لە کاتی ئاگربەستدا وەستاوە، واتە هەموو ئەو کاتەی لە دوای ئاگربەستەکەوە تێپەڕیوە، بە کاتی ئۆپەراسیۆن هەژمار ناکرێت.
بەڵام دیموکراتەکان ئەم پاساوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن هیچ دەقێکی یاسایی لەو شێوەیە نییە. هەرچەندە دیموکراتەکان لە کاتی جەنگەکەدا هەوڵی زۆریان دا لە کۆنگرێس بڕیارێک دەربکەن بۆ ناچارکردنی ترەمپ بە وەستاندنی جەنگەکە، بەڵام لەلایەن زۆرینەی کۆمارییەکانەوە رەتکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ