رووداو - تەندروستی
زۆر لەو نەخۆشانەی بەهۆی جەڵتەی مێشک یان شکانی بڕبڕەی پشت و زیانگەیاندن بە دڕکەپەتکەوە ناتوانن جەستەیان بجووڵێنن، ئێستا لە رێگەی تەکنۆلۆجیاوە هیوایەکیان بۆ دروستبووە کە بتوانن جووڵەی جەستەیان بگەڕێننەوە.
لە ئەمریکا، (نیورالینک)، کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، سەرقاڵی پەرەپێدانی ئەو تەکنۆلۆجیایەیە. بەهۆی هەندێک نەخۆشی یان زەبرەوە پەیوەندیی نێوان دەمارەکانی مێشک و ئەندامانی جەستە دەپچڕێت، بەڵام تەکنۆلۆجیاکەی ئەو کۆمپانیایە دەیەوێت ئەم پەیوەندییە دروستبکاتەوە.
لە شەنگهای، کۆمپانیای (ستەیرمێد)ـی چینی مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ ئەوەی بە کردەیی تەکنۆلۆجیاکەی خۆی لە ساڵی داهاتوودا لەسەر نەخۆشەکان تاقی بکاتەوە.
چێن یاوشۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای تەکنۆلۆجیای (ستەیر مێد) دەڵێت: "چاوەڕێ دەکەین ساڵی داهاتوو لە ئاستی نەخۆشخانەکان تاقیبکەینەوە. ئەمە کاتێکی گونجاوە بەتایبەتی دوای دانانی یاسا و رێساکان بۆ ئەوەی تۆماری ئەم ئامێرە بکرێت و بەکردەیی بەکاربهێنرێت."
کۆمپانیای (ستەیر مێد)، بۆ وەرگرتنی پەیامبەرە دەمارییەکانی مێشک، چیپێک کە ئەوەندەی دراوێکی ئاسن دەبێت، لەسەر کەللەی سەر دەچێنێت.
چیپەکە پەیامبەر و ئاماژەکانی مێشک وەردەگرێت و دەینێرێتە کۆمپیوتەرێک. کۆمپیوتەرەکەش دەیانخوێنێتەوە و دەیانکاتە داتا و زانیاری، دوای ئەوەش فەرمان بە ئامێرێکی دەرەکی دەکات کە ئەندامانی جەستەی نەخۆش بەپێی ویست و بیرکردنەوەی نەخۆشەکە بجووڵێنێت.
ژوو یاوپێنگ، لە کۆمپانیای (وای گاو چیاو) ئاماژە بە هاوکارییەکان دەکات و دەڵێت: "چەندین کۆمپانیا لەسەر ئاستی جیهاندا بەشداری لە تاقیکردنەوەی ئەو تەکنۆلۆجیایە دەکەن. ئاڵوگۆڕپێکردنی داتا بە ئازادی، زۆر گرنگە بۆ تاقیکردنەوەی ئەو تەکنۆلۆجیایە. ناوچەی نێودەوڵەتیی هاریکاریی بازرگانیی شانگهای ئەو توانایەی بە دروستی رەخساندووە."
لەسەر ئاستی جیهاندا ئەم تەکنەلۆجیایە کە ناسراوە بە (BCI) لەسەر نزیکەی 50 نەخۆش لەلایەن کۆمپانیای جیاوازەوە تاقیکراوەتەوە.
ئامانج لە تەکنۆلۆجیاکە گەڕاندنەوەی جووڵەی بەشی ئیفلیجبووی نەخۆشە و هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناخێک کە خودی نەخۆشییەکە چارەسەر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ