رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا"نیگەران نییە" لەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە رووسیا زانیاریی هەواڵگری لەسەر شوێن و جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا دەداتە ئێران تاوەکو بیانکاتە ئامانج.
هێگسەس لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵی (CBS)، وێڕای ئەوەی ئامادە نەبوو راستیی ئەو راپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە، گوتی: "ئێمە چاودێریی هەموو شتێک دەکەین. فەرماندەکانمان ئاگاداری هەموو وردەکارییەکن. ئێمە باشترین هەواڵگریمان لە جیهاندا هەیە و دەزانین کێ لەگەڵ کێ قسە دەکات."
وەزیری جەنگ رەتیکردەوە ئەو بابەتە ئەوانی نیگەران کردبێت و گوتی، هەر هەڕەشەیەک هەبێت، بەپێی پێویست رێکاری بۆ دەگرنەبەر.
کۆشکی سپی ئەو راپۆرتانەی بە "کەم بایەخ" وەسفکرد کە باس لە هاوکارییەکانی مۆسکۆ بۆ تاران دەکەن. کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "زۆر روونە کە ئەمە هیچ جیاوازییەک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە ئێران دروست ناکات، چونکە ئێمە بە تەواوەتی تێکیان دەشکێنین. ئێمە خەریکی بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنەین و لەسەر ئەوەش بەردەوام دەبین."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسانی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، "رووسیا شوێنی وردی کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەمریکا، لەوانە کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی، داوەتە تاران." ئەم هاوکارییە گوماناوییە لە کاتێکدایە کە لەم هەفتەیەدا 6 سەربازی ئەمریکی لە کوێت کوژران و بنکەی (CIA) لە ریازیش بەر هێرش کەوت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، وا دەرناکەوێت چین هاوکاریی بەرگرییەکانی ئێران بکات، هەرچەندە هەریەکە لە مۆسکۆ و پەکین بە تووندی رەخنەیان لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ