رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە حەوتەمین رۆژی جەنگی وڵاتەکەی دژی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک رێککەوتووە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی چەکە پێشکەوتوو و وردپێکەکان بۆ چوار هێندە زیاد بکەن. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، ئێران هەوڵدەدات لە رێگەی هێرشی چڕ و بەکۆمەڵەوە سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پەکبخات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیال نووسی، کۆبوونەوەیەکی "زۆرباش"ی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرگریی ئەمریکا کردووە، لەوانە: لۆکهید مارتن، بۆینگ، رەیسیۆن، نۆرسرۆپ گرومان، بی ئەی ئی سیستمز، هەنیوێڵ ئێرۆسپەیس و ئێل3هاریس.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بەرهەمهێنانی ئەو چەکانەی ترەمپ بە "نایاب و وردپێک" وەسفیان دەکات، بۆ چوار هێندە زیاد بکرێت، تاوەکو لە کورتترین ماوەدا بگەنە بەرزترین ئاستی پڕکردنەوەی کۆگە سەربازییەکان.
بەپێی راپۆرتە سەربازییەکان، ئێران ستراتیژیی "هێرشی تێرکەر" بەکاردەهێنێت، واتا هێرشی چڕ و زۆر، بۆ ئەوەی سیستمەکانی وەک گومەزی ئاسنین، قەڵخانی داود و پاتریۆت ماندوو بکات و بڕی مووشەکە بەرپەرچدەرەکان تەواو بکات. ترەمپ گوتی، فراوانکردنی بەرهەمهێنان راستییەکەی 3 مانگ بەرلە ئێستا دەستیپێکردووە و کارگەکانی چەک هەر لە ئێستاوە لەسەر هێڵی کارکردنن.
سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دایە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و گوتی: "ئێمە خاوەنی بڕێکی بێ کۆتایی لە تەقەمەنی و چەکی مامناوەندین، کە ئێستا لە ئێران بەکاریان دەهێنین و پێشتریش لە ڤەنزوێلا بەکارمان هێناون." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، داواکارییەکان بۆ کڕینی ئەم جۆرە چەکانەش زیادی کردووە.
ترەمپ ئاشکرای کرد، چەندین ویلایەتی جیاوازی ئەمریکا ئێستا لە کێبڕکێدان بۆ ئەوەی ببنە خانەخوێی کارگە نوێیەکانی بەرهەمهێنانی چەک، کە ئەمەش هەلی کاری زۆر بۆ ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت.
بڕیارە دوای دوو مانگی دیکە کۆبوونەوەیەکی دیکەی هاوشێوە لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی کۆمپانیاکانی چەک بکرێ بۆ چاودێریکردنی بەرەوپێشچوونی کارەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ