رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا داوای لە جەنەراڵ راندی جۆرج، سوپاسالار کردووە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت و دەستبەجێ خانەنشین بێت.
ئەمڕۆ هەینی، بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی گوت، هێگسەس داوای لە جەنەڕاڵ جۆرج کردووە دەستبەجێ خانەنشین بێت. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، وەزیری جەنگ کەسێکی دەوێت لەو پۆستەدا بێت کە کار بە دیدی ئەو و دۆناڵد ترەمپ بکات بۆ سوپای ئەمریکا.
دوورخستنەوەی یەکێک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناو جەنگێکی قورسدایە دژی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە رەنگە چەندین هەفتەی دیکە بخایەنێت. جەنەڕاڵ جۆرج دوایین کەسایەتییە لە ناو لیستی ئەو فەرماندە باڵایانەی کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لەکار لادەبرێن.
راندی جۆرج کاروانێکی سەربازیی نزیكەی 40 ساڵەی هەیە و چەندین جار لە عێراق و ئەفغانستان خزمەتی کردووە. جۆرج پێشتر یاریدەدەری باڵای لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی پێشوو بووە لە سەردەمی جۆ بایدندا، کە ئەمەش رەنگە یەکێک بێت لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی ئیدارەی ئێستا لێی.
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ گۆڕانکاریی ریشەیی لە سەرکردایەتیی سوپادا کردووە، لەوانە: دوورخستنەوەی جەنەڕاڵ چارڵز براون، سوپاسالاری هاوبەشی هێزە چەکدارەکان (لە شوباتی 2025). لادانی فەرماندەکانی هێزی دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکان. دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی (NSA). خانەنشینکردنی سوپاسالاری هێزی ئاسمانی بێ هیچ روونکردنەوەیەک.
لە کاتێکدا پیت هێگسەس جەخت دەکاتەوە، سەرۆک تەنیا ئەو سەرکردانە هەڵدەبژێرێت کە جێگەی متمانەی خۆین، بەڵام یاسادانەرانی دیموکرات نیگەرانن لە "سیاسەتی" سوپای ئەمریکا. ئەوان هۆشداری دەدەن، ئەم جۆرە گۆڕانکارییە خێرایانە لە کاتی جەنگدا، دەبنە هۆی لاوازبوونی دامەزراوەیەکی نیشتمانیی بێلایەنی وەک سوپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ