رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا مێژوویەکی درێژی لە دەستوەردانی سەربازی لە ئەمریکای لاتین هەیە. دوایینیان هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە بوو.
دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین:
1954: گواتیمالا
لە 27ی حوزەیرانی 1954دا کۆلۆنێڵ جاکۆبۆ ئاربێنز گوزمان، سەرۆکی گواتیمالا، لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە کە واشنتن مەشق و راهێنانی پێکردبوون و پارەداری کردبوون، لە دەسەڵات لادرا، ئەوەش دوای چاکسازییەکی زەویوزار کە هەڕەشەی لە بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیای یونایتد فرووت کۆرپۆرەیشنی ئەمریکی (دواتر بووە چیکیتە براندز) دەکرد. لە ساڵی 2003دا، ئەمریکا بە فەرمی و لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی کۆمۆنیزم، دانی بە رۆڵی سی ئای ئەی لەو کودەتایەدا نا.
1961: کوبا
لە 15 تاوەکو 19ی نیسانی 1961، نزیکەی 1400 چەکداری دژە کاسترۆ کە لەلایەن سی ئای ئەی مەشقیان پێکرابوو و پارەدار کرابوون، هەوڵیان دا لە بەندەری بەرازەکان دابەزن کە 250 کیلۆمەتر لە هاڤاناوە دوورە، بەڵام نەیانتوانی دەسەڵاتە کۆمۆنیستەکەی فیدڵ کاسترۆ بڕووخێنن. لەو شەڕ و پێکدادانانەدا، لە هەر لایەک زیاتر لە 100 کەس کوژران.
1965: کۆماری دۆمینیکان
لە ساڵی 1965دا، ئەمریکا بە پاساوی "هەڕەشەی کۆمۆنیزم"، هێزی مارێنزی نارد بۆ سانتۆ دۆمینگۆ بۆ کۆتاییهێنان بە راپەڕینێک کە پشتگیریی لە خوان بۆش دەکرد؛ ئەو سەرۆکە چەپڕۆیەی کە لە ساڵی 1963 لەلایەن ژەنەراڵەکانەوە لە کار لادرابوو.
ساڵانی حەفتاکان: پاڵپشتیکردن لە ژمارەیەک لە سەرکردەکان
واشنتن پاڵپشتیی چەندین دەسەڵاتی سەربازی کرد کە وەک قەڵخانێک بەرامبەر بزووتنەوە چەکدارییە چەپڕۆکان لە جیهانە دابەشبووەکەی سەردەمی جەنگی سارددا دەبینران.
ئەمریکا بە شێوەیەکی چالاکانە هاوکاریی ئۆگۆستۆ پینۆشێی سەرۆکی چیلی کرد لە کاتی کودەتای 11ی ئەیلوولی 1973 دژی سالڤادۆر ئایێندی، سەرۆکی چەپڕۆی ئەو وڵاتە.
بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکا کە ساڵی 2003 بڵاوکرانەوە، هێنری کیسینجەر، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا، لە ساڵی 1976دا پاڵپشتیی ئەنجوومەنی سەربازیی ئەرجەنتینی کرد و هانی دان بە زوویی کۆتایی بە "جەنگی پیس" بهێنن. لەو سەردەمەدا لانیکەم 10 هەزار نەیاری ئەرجەنتینی بێسەروشوێن کران.
لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا، شەش دەسەڵات (ئەرجەنتین، چیلی، ئۆرۆگوای، پاراگوای، بۆلیڤیا و بەرازیل) لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی کۆندۆر"دا و بە پاڵپشتیی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا، هێزەکانیان بۆ لەناوبردنی نەیارە چەپڕۆکانیان یەکخست.
ساڵانی هەشتاکان: جەنگەکان لە ئەمریکای نێوەڕاست
لە ساڵی 1979دا، ڕاپەڕینی ساندینێستاکان ئاناستاسیۆ سۆمۆزای دیکتاتۆریان لە نیکاراگوا رووخاند. رۆناڵد ریگن، سەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی نیگەرانیی لە نزیکبوونەوەی نیکاراگوای لە کوبا و یەکێتیی سۆڤیەت، بە نهێنی رێگەی بە سی ئای ئەی دا 20 ملیۆن دۆلار هاوکاری بداتە "کۆنتراکان" (دژە شۆڕشگێڕەکانی نیکاراگوا). جەنگی ناوخۆی نیکاراگوا کە لە نیسانی 1990 کۆتایی هات، بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 50 هەزار کەس.
هەروەها ریگن، راوێژکاری سەربازیی ناردە ئێلسالڤادۆر بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕەزایی بەرەی رزگاریخوازی نیشتمانیی فارابوندۆ مارتی لە جەنگێکی ناوخۆدا (1980-1992) کە بووە هۆی کوژرانی 72 هەزار کەس.
1983: گرێنادا
لە 25ی تشرینی یەکەمی 1983دا، هێزی مارێنزی ئەمریکی دەستوەردانی سەربازی لە دوورگەی گرێنادا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی مۆریس بیشۆپ، سەرۆکوەزیران لەلایەن ئەنجوومەنێکی سەربازیی چەپی توندڕۆەوە تیرۆر کرا و کوباییەکانیش خەریکی فراوانکردنی فڕۆکەخانەیەک بوون کە گومان دەکرا بۆ فڕۆکەی سەربازی بەکاری بهێنن.
لەسەر داوای رێکخراوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەریای کاریبی، ریگن ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی بەپەلە"ی بە ئامانجی پاراستنی هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی دەستپێکرد. ئۆپەراسیۆنەکە کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە تووندی سەرکۆنە کرا، لە 3ی تشرینی دووەمدا کۆتایی هات و زیاتر لە 100 کوژراوی لێکەوتەوە.
1989: پەنەما
لە ساڵی 1989دا و دوای هەڵبژاردنێکی جێگەی مشتومڕ، جۆرج بووش، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی دەستوەردانی سەربازی لە پەنەما دەرکرد کە بووە هۆی خۆبەدەستەوەدانی ژەنەراڵ مانوێل نۆریێگا، هاوکارێکی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا کە لەلایەن دادگای وڵاتەکەوە داواکرابوو.
نزیکەی 27 هەزار سەربازی ئەمریکی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی "دۆزی دادپەروەرانە"دا کرد، کە بە فەرمی 500 کوژراوی لێکەوتەوە، بەڵام رێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێن ژمارەی کوژراوان زۆر زیاترە و دەگاتە هەزاران کەس.
نۆریێگا زیاتر لە دوو دەیەی لە زیندانەکانی ئەمریکا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بەسەربرد، پێش ئەوەی سزای تری لە فەرەنسا و دواتر لە پەنەما بەسەردا بسەپێنرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ