رووداو دیجیتاڵ
هەزاران کیلۆمەتر دوورن، بەڵام مەودا نەبووە رێگر لەبەردەم کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی ئێران. دانیشتووانی ناوچەی کشمیری ژێر کۆنترۆڵی هیندستان، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئێرانییەکان دەستپێکردووە.
لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هیندستان و پاکستان، پیاوانی موسڵمان و سەرکردەکانی کۆمەڵگەکە چەندین بنکەیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری داناوە. گەنجانی ناوچەکەش ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و لە دەرگاکان دەدەن بۆ وەرگرتنی کۆمەک.
بەخشەرەکان تەنیا بە پێدانی کەلوپەل نەوەستاون؛ زێڕ، پارەی کاش، تەنانەت ئاژەڵی وەکو مەڕ و بزنیش دەبەخشن. ژنان پارچە زێڕی جیاوازی وەک گوارە، بازن و دەستبەند پێشکەش دەکەن.
ئەمان شا، یەکێکە لە رێکخەرانی کەمپەینەکە و باس لە هەڵوێستی هاوژینەکەی دەکات: "بەرەبەیان بوو بە هاوژینەکەمم گوت، هەمووان خەریکن دەبەخشن، تۆش پێویستە ببەخشیت.. لە هەمان چرکەدا ئەڵقەکەی لە پەنجەی دەرکرد و گوتی بە ناوی ئێرانەوە بیبەخشە."
منداڵانی ناوچەکەش بەو بڕە پارەیەی پاشەکەوتیان کردووە، روو لە بنکەکان دەکەن. لەلایەکی دیکەوە، دەوڵەمەندەکان راستەوخۆ پارەکانیان حەواڵەی ئەو هەژمارە بانکییە دەکەن کە باڵیۆزخانەی ئێران لە نیودەلهی ئەم مانگە بۆ فریاگوزاری تەرخانی کردووە. لە یەکەم رۆژی جەژنەوە کە رۆژی شەممەی رابردوو بوو، کۆی گشتیی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی یەکجار زۆر زیادی کردووە.
ئەمان شا جەخت لە یەکڕیزیی خەڵک دەکاتەوە و بە رووداوی گوت: "لەم کاتەدا لای ئێمە ئیتر شیعە و سوننە بوونی نییە؛ جا شیعە بیت یان سوننە، هیندۆس بیت یان سیک، هەموومان وەک یەکین و دەبێت پشتیوانی لە ئێران بکەین."
لەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، خەڵکی کشمیر باس لەوە دەکەن کە هاوکاریکردنی ئێران بە "ئەرکێکی مرۆیی و ئایینی" دەزانن. باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ خەڵکی کشمیر و ئەو هاوسۆزییە دەربڕی.
ئەم هەڵمەتەی کشمیر دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات سەریهەڵدا، کە بووە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندانی تووڕەیی لە ناوچەکە. بەشێکی زۆری خەڵکی کشمیر، بەتایبەتی کەمینە شیعەکان، دەڵێن پەیوەندییەکی مێژوویی و کولتووریی قووڵیان لەگەڵ ئێراندا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ