بەرپرسێکی پێنتاگۆن بۆ رووداو: ژمارەی هێزەکانمان لە سووریا کەم دەکەینەوە

03-06-2025
ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا لە سووریا.
ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا لە سووریا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ژمارەی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کەم دەکەنەوە و ژمارەیەک بنکەی سەربازیش چۆڵ دەکەن. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 3-6-2025 بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، دەستیان کردووە بە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
 
ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکرد: "لەم قۆناخەدا چەند سەت سەربازێک دەکشێندرێنەوە. ژمارەی هێزەکانمان بۆ هەزار سەرباز کەم دەکەینەوە".
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، دەکرێ ژمارەی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بە گوێرەی دۆخی ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا بێ. 
 
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ژمارەیەک بنکەی سەربازیش چۆڵ دەکرێن, بەڵام روونی نەکردەوە کە چارەنووسی ئەو بنکە سەربازیانە چی دەبن.
 
بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و سووریا نوێ نییە، بەڵام پرۆسەکە ئێستا دەستی پێکراوە. 
 
پێشتر رووداو لە سەرچاوەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمریکای لە رۆژئاڤای کوردستان پشتڕاستکردەوە کە ئەمریکا دەستیکردووە بە گواستنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکان و چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکانی گرین ڤڵج و کێڵگەی عومەر.
 
پێش ئەوەی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023 دەستپێبکات، ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەبوو. بەڵام دوای ئەوەی گرووپە لوبنانی، یەمەنی، سووری و عێراقییەکانی لایەنگری ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاد کرد، پێنتاگۆن ژمارەی سەربازەکانی گەیاندە نزیکەی دوو هەزار سەرباز. 
 
دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی پار کۆتایی بە دەسەڵاتی نیوسەدەی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هێنرا، نیسانی ئەم ساڵ پێنتاگۆن رایگەیاند، ژمارەی سەربازانی بۆ خوار هەزار کەمدەکاتەوە، چونکە پێی وایە هەڕەشەی داعش لاواز بووە.
 
بەپێی زانیارییەکان رووداو کە لە دوو سەرچاوەی بەرگری ئەمریکا پشتڕاستی کردوونەتەوە، ئەمریکا تاوەکو ئێستا نزیکەی500 سەربازی لە سووریا کشاندووەتەوەو بڕیارە لە قۆناخی داهاتووشدا، 500 سەربازی دیکە بکشێنێتەوە و ژمارەی هێزەکانیان بۆ هەزار سەرباز کەمدەبنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە