رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەم هەفتەیە سەردانی رۆما و ڤاتیکان دەکات. ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک دێت لە رەخنە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پاپا لیۆی چواردەیەم.
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەکی حکومی لە ئیتاڵیا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ کە خۆی کاسۆلیکە، بە مەبەستی "تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان واشنتن و ڤاتیکان" گەشتەکەی دەکات.
میدیای ئیتاڵیا ئاماژەیان بەوە کردووە، روبیۆ رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ پاپا کۆدەبێتەوە، بەڵام هێشتا لایەنە فەرمییەکان ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ پیێترۆ پارۆلین، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان و ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە. هەروەها روبیۆ داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کردووە کە یەکێکە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ترەمپ لە ئەورووپا، بەڵام ئەم دواییە بەهۆی بەرگریکردنی لە پاپا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپ ئاڵۆزی تێکەوتووە.
پاپا و ترەمپ؛ ساڵێکی پڕ لە گرژی
پاپا لیۆی چواردەیەم، رۆژی هەینی یەکەم ساڵیادی دەستبەکاربوونی وەک رێبەری 1.4 ملیار کاسۆلیکی جیهان دەکاتەوە. ئەو لە 8ـی ئایاری 2025 و دوای کۆچی دوایی پاپا فڕانسیس، وەک یەکەم پاپای ئەمریکی لە مێژوودا هەڵبژێردرا.
گرژییەکانی نێوان کۆشکی سپی و ڤاتیکان کاتێک گەیشتنە لووتکە کە پاپا لیۆ رەخنەی تووندی لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گرت. پاپا هەڕەشەکانی ترەمپی بۆ لەناوبردنی شارستانییەتی ئێران بە "قبووڵنەکراو" وەسفکرد و داوای لە ئەمریکییەکان کرد گوشار بخەنە سەر یاسادانەرانی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی "کار بۆ ئاشتی بکەن."
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەڵامی پاپای دایەوە و بەوە تۆمەتباری کرد کە لە سیاسەتی دەرەوەدا "لاوازە". ترەمپ گوتی: "من هەواداری پاپا لیۆ نیم، پاپایەکم ناوێت پێی وابێت ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت."
هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
ئەم کێشە دیپلۆماسییە تەنیا ڤاتیکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کاریگەری کردووەتە سەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش. دوای ئەوەی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گوتەکانی ترەمپی بەرامبەر پاپا بە "قبوڵنەکراو" وەسفکرد، ترەمپ هێرشی کردە سەر مێلۆنیش و گوتی: "پێم وابوو ئەو ئازایە، بەڵام هەڵە بووم."
ترەمپ هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئیتاڵیا کردووە و دەڵێت، رۆما لە شەڕی ئێراندا "هیچ هاوکارییەکی ئێمەی نەکردووە." هەمان هەڕەشە لە ئیسپانیاش کراوە و پێنتاگۆنیش رایگەیاندووە کە پێنج هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە.
تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، ئەمریکا 12,662 سەرباز لە ئیتاڵیا، 3,814 سەرباز لە ئیسپانیا و 36,436 سەربازی لە ئەڵمانیا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ