رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هاوتا ئەڵمانییەکەی لە هەوڵەکانی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ئاگادارکردەوە. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش وێرای دەربڕینی پاڵپشتی بۆ بەردەوامیی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، داوای راگرتنی تەواوەتی و سەلمێندراوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و یۆهان ڤادەفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دوایین هەوڵەکان بۆ دانوستاندنی نێوانیان، پەرەسەندنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆیان کرد.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وێرای تیشک خستنە سەر دوایین هەڵوێست و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوتا ئەڵمانییەکەی لە هەوڵەکانی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە گەڵ ئەمریکا و ئسیرائیل ئاگادار کردەوە.
ئەڵمانیا: پاڵپشتی لە بەردەوامیی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا دەکەین
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، یۆهان ڤادەفول، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە عەباس عێراقچی راگەیاندووە کە پاڵپشتی لە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات و بەتایبەت جەخت لەسەر سەرخستنی دانوستاندنەکان دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یۆهان ڤادەفول بە عێراقچی گوتووە: "وەکو هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا، ئامانجێکی هاوبەشمان هەیە و پێویستە ئێران دەستبەجێ تەنگەی هورمز بکاتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ عێراقچی، داوای راگرتنی تەواوەتی و باوەرپێکراوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمزی کردووە.
وادەفول دەڵێت: "ئێمەش وەکو هاوبەشە ئەمریکییەکەمان و وەکو ئەوەی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای کردووە، جەخت لەسەر پێویستیی کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز و وازهێنانی کۆماری ئیسلامی لە هەنگاونان بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەینەوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە رێگە نادات کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک "گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر لە جیهاندا" دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و لە کاتی پێویستدا هێزی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکاردێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران، هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانیش سەبارەت بە شەڕی ئەم دواییە و پرۆسەی گفتوهۆکانی نێوان تاران-واشنتن ئاڵۆگۆڕی بیروڕای کردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا پێشکێش کردووە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵاتدا دروستبووە.
ئاژانسی تەسنیمـی ئێرانی بڵاویکردەوە، پێشنیازەکە لە 14 خاڵ پێکدێت و داوای کۆتاییهێنانی هەمیشەیی "دوژمنکارییەکان" و کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات. پێشنیازەکەی تاران لە رێگەی پاکستانی نێوەندگیرەوە رادەستی واشنتن کراوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازێکی 9 خاڵیی ئەمریکا.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، لە کاتێکدا پلانی واشنتن داوای راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی دوو مانگ دەکات، تاران داوا دەکات خشتەیەکی کاتیی 30 رۆژە دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسە سەرەکییەکان و پێداگری دەکات کە دانوستاندنەکان لەبری ئاگربەستێکی کاتی، سەرنجیان لەسەر "کۆتاییهێنان بە جەنگ" بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ