رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە، دادگەیەکی سوێد سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر پیاوێکی تەمەن 55 ساڵدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە کاتی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵانی 2012 و 2013 دەستی لە تاوانی جەنگدا هەبووە.
دادگاکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پیاوەکە تاوانبارە بەوەی، لە خۆپێشاندانێکی ئاشتییانەی تەممووزی 2012 لە کەمپی یەرمووک لە دەوروبەری دیمەشق، لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە، تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە کە تێیدا چەندین کەس کوژراون.
دادگاکە بۆی دەرکەوتووە کە لە کانوونی یەکەمی 2012 تاوەکو تەممووزی 2013، ئەو پیاوە لە بازگەیەکدا کاری کردووە کە لەلایەن حکومەتی سووریاوە لە هەمان ناوچە دانرابوو، لەو بازگەیەدا "ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل" دەستگیرکراون و رفێندراون بۆ ئەوەی ئەشکەنجە بدرێن و هەندێ جاریش کوژراون.
بە گوێرەی دادگاکە، هەردوو تاوانەکە لە کاتی شەڕی نێوخۆی سووریا روویانداوە، کە بەهۆی ناڕەزایەتیی جەماوەری بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، سەریهەڵدا.
هامپس لیلیا، دادوەری دۆسیەکە گوتی: "دادگای ناوچەیی بۆی دەرکەوتووە کە تاوانەکان قورسن، چونکە بەرامبەر ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل کراون و چەندین کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون؛" روونیشیکردەوە کە ئەمە هۆکاری سەپاندنی سزای زیندانیی تاهەتاییە.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، پیاوەکە کە رەتی دەکاتەوە ئەو تاوانانەی کردبێت، لە یەرمووک لەدایکبووە، لە ساڵی 2013 سووریای جێهێشتووە و لە سوێد مافی پەنابەری پێدراوە.
دواتر لە ساڵی 2017، وڵاتینامەی سوێدی وەرگرتووە.
دادگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی دادگاییکردنەکە 54 رۆژی خایاندووە و ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵک وەک سکاڵاکار و گەواهیدەر بانگهێشتکراون.
سوێد پرەنسیپی دەسەڵاتی دادوەریی جیهانیی پەسند کردووە، کە رێگەی پێدەدات تاوانە مەترسیدارەکانی دژی یاسای نێودەوڵەتی دادگایی بکات، بێ گوێدانە ئەوەی تاوانەکان لە کوێ کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ