رووداو دیجیتاڵ
مارتن کوپەر، دروستکەری یەکەم مۆبایل، پەیامێکی بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایل لە جیهان نارد و داوای لێکردن کەمتر مۆبایلەکانیان بەکاربهێنن. ئەو ئەندازیارە ئەمریکییە دەڵێت، رۆژانە کەمتر لە 5%ـی کاتەکانی بە بەکارهێنانی مۆبایلەوە بەسەر دەبات.
لە هەڤپەیڤینێکدا پرسیار لە مارتین کوپەر کرا، "چیت هەیە بۆ ئەوانەی کە رۆژانە زیاتر لە 5 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنن؟" لە وەڵامدا گوتی، "5 کاژێر مۆبایل بەکارهێنان لە رۆژێکدا؟ دەبێت ژیانتان هەبێت."
مارتن کوپەر بە "باوکی مۆبایل" لە جیهاندا دادەنرێت؛ ئەو زانا ئەمریکییە یەکەم کەسیشە بە مۆبایل تەلەفۆنی کردبێت. یەکەم مۆبایلی سەر زەوی کە دروستکرا و بەکارهێندرا ناوی داینا تاک 8000-X بوو کە لەلایەن ئەو زانا ئەمریکییەوە دروستکرا.
مۆبایلی داینا تاک 8000-X قەبارەی لە مۆبایلی ئەمڕۆ زۆر گەورەتر بوو و کێشەکەشی یەک کیلۆ و 130 گرام بوو؛ هەروەها تەنیا 25 خولەک بێ بارگاویکردن کاری دەکرد کە بارگاویکردنی پاترییەکەی 10 کاژێری پێویست بوو. لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1983 مۆبایلەکە خرایە بازاڕەوە نرخەکەی 4000 دۆلار بوو.
مارتن لە یەکەم تەلەفۆندا کە بە مۆبایل بۆ هاوڕێکەی کردی بەم جۆرە قسەی کرد، "جۆوڵ؛ ئەمە مارتنە؛ لە مۆبایلەوە تەلەفۆنت بۆ دەکەم. لە مۆبایلێکی نێو دەست."
ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین کات لەسەر مۆبایل بەسەردەبەن:
ئەندەنووسیا؛ رۆژانە هەر هاووڵاتییەک 5.5 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنێت.
بەرازیل؛ رۆژانە هەر هاووڵاتییەک 5.4 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنێت.
کۆریای باشوور؛ رۆژانە هەر هاووڵاتییەک 5 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنێت.
هیندستان / مەکسیک / ژاپۆن؛ رۆژانە هەر هاووڵاتییەک 4.8 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنێت.
کەنەدا؛ رۆژانە هەر هاووڵاتییەک 4.4 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنێت.
رووسیا؛ رۆژانە هەر هاووڵاتییەک 4.3 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ