ژنێکی کورد کتێبێک بە زمانی فینلەندی بڵاودەکاتەوە؛ "ساریسا ژنێکی بێ نیشتمان"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شەوقی کانەبی
ساریسا لەگەڵ کتێبەکەی
ساریسا لەگەڵ کتێبەکەی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ساریسا زەنگيبەند، خانمێکی خەڵکی شاری سنە، 11 ساڵ لەمەوبەر وەک پەنابەرێک گەیشتووەتە فینلاند، بەڵام 7 ساڵی یەکەمی ژیانی لەو وڵاتەدا لەنێو ترس و تووندوتیژیدا بەسەر بردووە. ئەو ژنە توانیویەتی بەسەر ئەو بارودۆخە سەختەدا زاڵ بێت و لە بواری تەندروستیی دەروونیدا بخوێنێت و کار بکات. ئێستا چیرۆکی ژیانی خۆی لە کتێبێکدا بە زمانی فینلەندی و بە ناوی "من ساریسا، ژنێکی بێ نیشتمان" بڵاوکردووەتەوە.
 
ساریسا زەنگيبەند، بە دیاسپۆرای راگەیاند کە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی هەستێکی تایبەتی پێدەبەخشێت و وەک بەشێک لە سەرکەوتنی ژیانی دەیبینێت. بە گوتەی خۆی، یەکێک لە ئامانجەکانی خزمەتکردن بووە بە کورد و کوردستان، چونکە نەخشە و ئاڵای کوردستان لەسەر بەرگی کتێبەکەی دانراوە، کە ئەمەش پرسیاری زۆری لای خوێنەرانی فینلەندی دروستکردووە.
 
ئەو هەروەها رایگەیاند، ئامانجێکی دیکەی لە نووسینی کتێبەکە ئەوەیە ببێتە دەنگی ئەو ژنانەی کە لە بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەودا دەژین و هانیان بدات بە بڕوابەخۆبوون، ئەو دۆخە تێپەڕێنن.
 
ئەو نووسەرە باسی لە ئەزموونی کەسیی خۆی کرد کە چۆن لە چاوەڕوانیی رزگارکردن لەلایەن کەسانی دیکەوە، گەیشتە ئەو بڕوایەی دەبێت پشت بە هێزی ناوەکیی خۆی ببەستێت بۆ رزگاربوون. ئەو ئاماژەی بەوەدا ئەم هێزە لە ناخی هەموو ژنێکدا هەیە و دەتوانن رۆژێک بەهۆیەوە خۆیان بناسن و لە دژی ئەو ستەمەی رووبەڕووی دەبنەوە، بوەستنەوە و داوای ژیانێکی شایستە بکەن.
 
ساریسا رایگەیاند، ئێستا هەمان ئەو هێزە بەکاردەهێنێت بۆ بەرگریکردن لە مافی خۆی و منداڵەکانی و ژنانی دیکە، ئەمەش دوای ئەوەی خۆی رووبەڕووی تووندترین شێوازەکانی ئەشکەنجە و تووندوتیژیی خێزانی بووەتەوە. 
 
ئەو نووسەرە کوردە گوتیشی، کتێبەکەی سەرەتا بە ناباوەڕییەوە پێشوازی لێکرا، بەڵام دواتر خەڵک بینییان کە چۆن ژنێک دەتوانێت لە رابردوویەکی قورسەوە هەستێتەوە و ببێتە پارێزەری مافی خۆی و ژنانی تر.
 
ساریسا هۆکاری ناونانی کتێبەکەی بە ناوی ساریسا ژنێکی بێ نیشتمان" بۆ داگیرکردنی وڵاتەکەی دەگەڕێنێتەوە.
 
ئەو نووسەرە دەڵێت، "من بێ نیشتمانم چونکە خاوەنی کیان، پاسپۆرت و ئاڵای خۆم نیم". لە کتێبەکەیدا بە روونی باسی لە چەمکی داگیرکاری کردووە و ئێرانی وەک داگیرکەری ئەو بەشەی کوردستان ناوبردووە کە تێیدا لەدایکبووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ڤێرینا شێفەر، وەزیری کۆچ و خۆگونجاندنی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن

هەرێمێکی ئەڵمانیا و وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ئێزدییەکان ناکۆکن

حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن لە ئەڵمانیا بڕیارێکیان بۆ پێدانی مافی مانەوە بە پەناخوازانی ئێزدی دەرکرد، بەڵام وەزیری ناوخۆی فیدراڵی لە بەرلین رەتیکردەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش ناکۆکی لەنێوان هەرێمەکە و حکومەتی فیدراڵیدا دروستکرد.