رووداو دیجیتاڵ
حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن لە ئەڵمانیا بڕیارێکیان بۆ پێدانی مافی مانەوە بە پەناخوازانی ئێزدی دەرکرد، بەڵام وەزیری ناوخۆی فیدراڵی لە بەرلین رەتیکردەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش ناکۆکی لەنێوان هەرێمەکە و حکومەتی فیدراڵیدا دروستکرد.
ڤێرینا شێفەر، وەزیری کۆچ و خۆگونجاندنی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، نیگەرانە لە رێگرییەکەی بەرلین.
ئەو وەزیرە گوتی، ئەڵمانیا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی بەرامبەر ئێزدییەکان هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی پەرلەمانی فیدراڵ تاوانەکانی دژی ئێزدییەکانی وەک جینۆساید ناساند. ئەو جەختی کردەوە کە هەرێمەکەیان بە خۆشحاڵییەوە دەیەوێت مافی پاراستن و مانەوە بە ئێزدییەکان ببەخشێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی رێگرە.
ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئێزدی لە هەرێمەکەیان دەژین و بە باشی تێکەڵی کۆمەڵگە بوونە و بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگەی فرەڕەنگی هەرێمەکە، هەروەها بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی فیدراڵی بە "بڕیارێکی هەڵە" وەسفکرد و رایگەیاند، لە کۆنفرانسی داهاتووی وەزیرانی کۆچ و خۆگونجاندنی سەرانسەری ئەڵمانیادا کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ