کۆسار عوسمان و هاوار عەبدولڕەزاق
رووداو دیجیتاڵ
پووتین دەڵێت، رووسیا ئامادەیە چاو بە رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵەدا بخشێنێتەوە. لەبارەی سووریاشەوە دەڵێت، داهاتووی سووریا لەلایەن سوورییەکان خۆیانەوە دیاری دەکرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە، 4-9-2023 لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سۆچی باسی لە چەند تەوەرێکی کۆبوونەوەکە کرد.
ئەردۆغان: پار ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ رووسیا 69 ملیار دۆلار بوو
ئەردۆغان لە سەرەتای گوتەکانیدا سوپاسی پووتینی کرد و رایگەیاند، لە کارەساتەکانی بوومەلەرزە و سووتانی دارستانەکانی تورکیادا پشتیوانی و هاوئاهەنگیی کردووە. هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و پووتین گوتی: دوایینجار ساڵی رابردوو لە کۆنفرانسی هاوئاهەنگی و متمانەی ئاسیا لە ئاستانا چاویان بە یەک کەوتووە. لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز پووتین هەمیشە پەیوەندیی تەلەفۆنیی دیپلۆماسیمان هەبووە و گفتوگۆمان بەردەوامبووە. ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی دوو بە دوو و کۆبوونەوەی شاندەکانماندا، رۆژەڤمان تاوتوێکرد. هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو هەنگاوانە کرد کە دەکرێت لە رەهەندەکانی بازرگانی، وزە، کشتوکاڵ، گەشتیاری، ئابووری و دارایی و زۆر بابەتی دیکە لە نێوانمان بنرێن. قەبارەی بازرگانیی نێوانمان ساڵی رابردوو نزیکەی 69 ملیار دۆلار بوو. ئێستا بە هەنگاوی مسۆگەرەوە بەرەو ئامانجەکەمان دەڕۆین کە 100 ملیار دۆلارە. ئەمساڵ وەرزێکی باشی گەشتیاری تێدەپەڕێنین. لە ساڵی 2022 پێشوازیمان لە 5 ملیۆن و 230 هەزار هاووڵاتیی رووسیا کرد. لە حەوت یەکەمین مانگی ئەمساڵدا، 3.5 ملیۆن گەشتیاری رووسی هاتوونەتە وڵاتەکەمان. لەو باوەڕەدام ئەم ژمارەیە لە داهاتوودا زیاتریش دەبێت.
ئەردۆغان: لەبارەی نوێکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە لایەنەکان دەزانن داواکاریی رووسیا چییە
ئەردۆغان دەڵێت، "بابەتێکی دیکە کە بە گرنگییەوە هەڵوەستەمان لەسەری کرد، زیندووکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی رێڕەوی دانەوێڵە بوو لە دەریای رەش. خۆشحاڵین بە بریاری رووسیا سەبارەت بە کردنەوەی نووسینگە لە کۆماری قوبرسی باکوور. دەستپێشخەرییەکەی دەریای رەش لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی جیهانیی خۆراکدا رۆڵی یەکلاکەرەوەی بینی. بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی ئەفریقا کە زۆرترین پێویستییان بە دانەویڵە هەیە، بووە هەناسە. ئەو پێشنیازانەی وەکو جێگرەوەی دەستپێشخەرەییەکەی دەریای رەش دەخرێنە رۆژەڤ، نەیانتوانیوە مۆدێلێکی هەمیشەیی وەها پێشکێش بکەن کە متمانەپێکراو و لەبار بێت بۆ هاوئاهەنگیی لایەنەکان. لە بابەتی دووبارە دەستپێکردنەوەی دەستپێشخەرییەکە، تەواوی لایەنەکان دەزانن رووسیا چ چاوەڕوانییەکی هەیە. ئەو خاڵانەی هاوڕێ رووسەکانمان باسیان کردووە، ئێمە لەڕێی جیاوازەوە باسمان کردووە و باسیشی دەکەین. لەو باوەڕەداین کەموکوڕییەکان نەهێڵدرێن و دەستپێشخەرییەکە بەردەوام بێت. بۆچوونی خۆمانمان لە دیدارم لەگەڵ هاوڕێی ئازیزم بە شێوەیەکی دروست خستەڕوو. لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان پاکێجێکی نوێی پێشنیازمان ئامادەکرد کە بەرەوپێشووچوونی گرنگی تێدایە. لەو بڕوایەداین ئەمە لە قۆناخی نوێدا ئەنجامی دەبێت. ئێمە وەکو تورکیا، پەنا بەخوا دەگەینە چارەسەرێک کە وەڵامی چاوەڕوانییەکان دەداتەوە".
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، "پێداگرین لەسەر هەوڵەکانمان لەپێناوی ئاشتیی هەمیشەیی و خۆشگوزەرانی ناوچەکەماندا. هیوادارین ئەو پێکدادانەی لە ناوچەکەدا هەیە لەسەر بنەمایەکی نێودەوڵەتی و دادپەروەرانە کۆتایی بێت و ئاشتەوایی شوێنی بگرێتەوە. لە هەموو گوتارێکمدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە لە جەنگدا براوە نییە و لە دیالۆگیشدا دۆڕاندن نییە. ئێمە پارێزگاری لەم هەڵوێستەمان دەکەین. ئێمە بەر لە دانوستاندنی سەرەتایان، خانەخوێییمان بۆ لایەنەکان کرد. لەم بابەتەدا وەکو هەمیشە ئامادەین بۆ راپەڕاندنی ئەرکی سەر شانمان".
ئەردۆغان لەبارەی سووریاوە دەڵێت، لەگەڵ پووتین "بابەتە هەرێمی و جیهانییەکانیشمان خستە بەر باس. باسی دوایین پێشهاتەکانی سووریا، باشووری قەوقاز، لیبیا و ئەفریقامان کرد".
لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیاش، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای دۆستایەتی و دڵسۆزی بووە و بە شێوەیەک پێشمان خستووە کە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بووە. لەمڕووەوە پەیوەندییەکانی تورک-رووس لە ئاستێکی باشدایە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا، رۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکەدا دەبێت. بەتایبەتی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی (ئاککویو) بەوپەڕی خێراییەوە بەردەوامە، ئەمڕۆ باسمان لەگەڵ هاوڕێی ئازیزم باسمان لە هەنگاوی دووەمی پرۆژەکە لە سینۆپ کرد. لەم بوارەدا بە هەنگاوێک، تورکیا دەچێتە پێشەوە.
ئەردۆغان: ئامادەین دانەوێڵەکە بکەینە ئارد و بینێرینە ئەفریقا
بە گوتەی ئەردۆغان، "ئێستا گرنگ ئەوەیە دانەوێڵە لە رێڕەوی دەریای رەشەوە بۆ ئەو وڵاتانە هەناردە بکرێت کە هەژارن و کەم پێشکەوتوون. بەڵام ئەگەر 44٪ی ئەو دانەوێڵەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بڕوات، رووسیا بە ئەرێنییەوە لەمە ناڕوانێت کە مافی خۆشیەتی. جگە لەوە نزیکەی 14٪ دەنێردرێتە تورکیا. هەروەها 6٪ بۆ وڵاتانی ئەفریقا دەچێت. جا لێرەدا ئێمە و رووسیاش دەمانەوێ بینێرینە وڵاتانی هەژار.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەگوتەی ئەردۆغان، باسی هەناردەی ملیۆنێک تۆن دانەوێڵەیان بۆ وڵاتانی هەژاری ئەفریقا کرد و "ئەوان گوتیان تەواوی کاروباری لۆجستی تەواوکراون و ئێمە ئامادەین هەنگاوێکی لەمجۆرەین. ئێمەش وەکو تورکیا گوتمان ئامادەین ئەوەی لە سەر شانمانە بیکەین و لە کارگەکانماندا گەنمەکە بهاڕین و وەکو ئارد بینێرینە وڵاتانی هەژاری ئەفریقا. لەم بابەتەدا هاوڕا بووین و هیوادارم بەرێز پووتینیش چی زووە هەنگاو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتانەی ئەفریقا بنێت کە بەتایبەتی باس لە شەش وڵات دەکەن".
ئەردۆغان دەڵێت، "لە بابەتی گۆڕینی دانەوێڵە بۆ ئارد و ناردنی بۆ وڵاتانی ئەفریقا، دەڵێن دەکرێت لەڕووی دارایی پرۆژەکەوە وەکو تورکیا-رووسیا-قەتەر بەشدار بین. لەم بابەتەدا هیوادارم ئێمە پشتیوانی لە وڵاتانی کەم پێشکەوتووی ئەفریقا دەکەین و هەنگاوێکی وەها دەنێین".
پووتین: تاوەکو رۆژئاوا داواکانمان جێبەجێ نەکەن رێککەوتنی دانەوێڵە کارا ناکرێتەوە
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، رێککەوتنی دانەوێڵە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا لەرێگەی دەریای رەشەوە کارا ناکرێتەوە، تاوەکو ئەوکاتەی وڵاتانی رۆژئاوایی داواکارییەکانی مۆسکۆ جێبەجێ نەکەن، بەتایبەتی لە رێگەدان بە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی.
لە 17ی تەممووزی 2023، سەرۆکایەتی رووسیا، لە رێککەوتنی نێودەوڵەتی دانەوێڵە کشایەوە، لە دوای ئەوەی رۆژی 16ی تەممووز، بە درۆن هێرشکرایە سەر نیمچەدروورگەی کریمیا کە رێگەی سەرەکی گەیاندنی هاوکاری سەربازیی مۆسکۆیە بۆ هێزەکانیان لەنێو خاکی ئۆکراینا.
پووتین لەبارەی ئەو بڕیارەیانەوە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی لەگەڵ ئەردۆغان لە سۆچی رایگەیاند، ئەوان ناچاربوون لە رێککەوتنی دانەوێڵە بکشێنەوە "چونکە وڵاتانی رۆژئاوا سزایان بەسەردا سەپاندین. ئەوەش گاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا دەبێت"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، رووسیا ئامادەیە چاو بە رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵەدا بخشێنێتەوە.
لە 22ی تەممووزی 2022دا رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ و بە ئامادەبوونی هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا.
رێککەوتنەکە لە 1ی ئابی 2022 چووە واری جێبەجێکردنەوە و لەو کاتەوە نزیکەی 33 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆکراینا هەناردەی وڵاتانی جیهان کراوە.
"داهاتووی سووریا لای سوورییەکانە"
لەدرێژەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، پووتین باسی داهاتووی سووریای کرد و رایگەیاند، داهاتووی سووریا "لەلایەن سوورییەکان خۆیانەوە دیاری دەکرێت."
پووتین دەڵێت، "باسی چارەسەری دۆخی سووریامان کرد. گرنگیی بە پێشنیازەکانی تورکیا لەو بارەوە دەدەین. دەبێ رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت. گرنگیشە بگەینە چارەسەرێکی نیشتمانی بۆ کێشەی سووریا. داهاتووی سووریا لەلایەن سوورییەکان خۆیانەوە دیاری دەکرێت."
هەروەها سەرۆکی رووسیا باسی لە قەبارەی بازرگانیی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا کرد و گوتی، "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا لە بوارەکانی خۆراک و کشتوکاڵدا لە ساڵی رابروودا 7 ملیار دۆلار بووە و "ئەمساڵ سەروو 10 ملیار مەتر سێجای گازمان داوەتە تورکیا."
"هێرشەکانی ئۆکراینا شکستی هێناوە"
هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا، سەرۆکی رووسیا، سەبارەت بە دوایین زانیاریی لەسەر جەنگی ئۆکراینا، رایگەیاند: "هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکراینا شکستیان هێناوە".
لەوبارەوە پووتین گوتی، "سەبارەت بە هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکراینا، ئەو هێرشانە نەک راگیراون، بەڵکو شکستیان هێناوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئۆکراینییەکان دەڵێن لەسەرەتایی هێرشەپێچەوانەکانیانەوە کە لە سەرەتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە دەستیانپێکرد، لەسەدا 50ی ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە کە رووسیا دەستیبەسەردا گرتبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ