تەنیا لە ساڵى یەکەمى سەرۆکایەتییەکەیدا ترەمپ هێندەى تەواوى خولى پێشووى فەرمانى واژۆکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا واژۆی لەسەر 221ـەمین فەرمانی سەرۆکایەتی کرد؛ ژمارەیەک کە لە تەواوی یەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەی زیاترە.
 
فەرمانەکان لە رێگریی نوێی گومرگییەوە تاوەکو برەودان بە ژیریی دەستکرد، بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی تەلارسازیی باڵەخانە فیدراڵییەکان لەخۆدەگرن.
 
بەگوێرەی نوێترین تۆماری فیدراڵی، لەو کاتەوەی ترەمپ لە 20ـی کانوونی دووەم گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، 220 فەرمان کە لە رووی یاساییەوە پابەندکەرن و پێویستیان بە رەزامەندیی کۆنگرێس نییە، دەرکراون.
 
چاوەڕوان دەکرێ 221ـەمین دەقی فەرمانەکەش، کە رۆژی دووشەممە لەلایەن ترەمپەوە واژۆی لەسەر کرا و مادەی فێنتانیلی وەک چەکی کۆمەڵکوژ پۆلێنکرد، بەفەرمی بڵاوبکرێتەوە.
 
سێ سەرۆکی پێشووتر، جۆ بایدن، باراک ئۆباما و جۆرج دەبلیو بوش، تێکڕا ساڵانە 30 بۆ 40 فەرمانیان واژۆ کردبوو.
 
تەنیا فرانکلین رۆزڤێڵت، سەرۆکى ئەمریکا لەنێوان ساڵانی 1933 بۆ 1945، لە ماوەی چوار خولی سەرۆکایەتییدا نزیکەی 4000 فەرمانی جێبەجێکاریی واژۆ کرد، هەرچەندە ئەوە لە سەردەمی قەیرانی گەورەی ئابووری و جەنگی جیهانیی دووەمدا بوو.
 
لە سەرەتای ئۆکتۆبەرەوە، دەرکردنی فەرمانەکانی ترەمپ کەمیکردووە و لە دوو مانگ و نیودا تەنیا 12 فەرمانی نوێ واژۆ کراون.
 
ترەمپ لە چوار مانگی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، لە 20ی کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان، مانگانە تێکڕا زیاتر لە 30 فەرمانی دەرکردووە.
 
داتا فەرمییەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەریدەخەن کە زۆرینەی فەرمانەکان، نزیکەی سەدا 60%یان، پەیوەندییان بە کاروباری نێوخۆى ئەمریکاوە هەیە، لە کاتێکدا کەمتر لە 10%ـیان تایبەتن بە سیاسەتی دەرەوە. 
 
پرسە کۆمەڵایەتییەکان و بابەتەکانی کولتوور، مافە مەدەنییەکان، پەروەردە و تەندروستی نزیکەی 30%ـی کۆی فەرمانەکان پێکدەهێنن و لەپێش بابەتەکانی بازرگانی، ئابووری و وەبەرهێنان دێن کە نزیکەی 20%ن و چاکسازیی حکومی نزیکەی 18%ن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە