جیهان
ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.
رۆژی دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، رۆستەم ئومێرۆڤ، بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، دانوستاندنەکانی نێوان شاندی ئۆکراینا و ئەمریکا زۆر بنیاتنەرانە و بەرهەمدار بوون."
ئومێرۆڤ هیوای خواستووە، بتوانن ئەمڕۆ بگەنە رێککەوتنێک کە هەنگاوێک لە ئاشتی نزیکیان بکاتەوە، بەڵام دواتر نووسینگەکەی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەم لێدوانە بەو مانایە نییە کە واژۆکردنی رێککەوتنێکی کۆتایی نزیکە".
نووسینگەکە رایگەیاند، "چاوەڕوان ناکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ هیچ رێککەوتنێکی فەرمی واژۆ بکرێت." نووسینگەکە هەروەها دەشڵێت، "مەبەستی سەرەکی ئەوە بوو کە هیوادارین تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ لەسەر یەکخستنی هەڵوێستەکانمان رێکبکەوین."
ئەم لێدوانانەی ئومێرۆڤ لە کاتێکدایە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ نێردەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گفتوگۆدایە، کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی لە شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکردووە.
کیێڤ هیوادارە لە رێگەی ئەم دانوستاندنانەوە واشنتن رازی بکات کە دەبێت بەبێ هیچ سازشێکی خاکیی پێشوەختە بۆ رووسیا، رێککەوتن لەسەر ئاگربەست بکرێت.
زیلینسکی و تیمی دانوستاندنکاری ئۆکراینا لە رۆژی یەکشەممەوە لەگەڵ شاندی ئەمریکی کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پلانێکی ئاشتی کە لەلایەن ئەمریکاوە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پێشکەشکراوە.
وردەکارییەکانی ئەو پلانە، کە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی پێشووتر لە جنێڤ و فلۆریدا پێداچوونەوەی بۆ کراوە، هێشتا بە فەرمی ئاشکرا نەکراون، بەڵام بە گوتەی زیلینسکی، پلانەکە بژاردەی سازشکردنی خاک لەلایەن کیێڤەوە لەخۆدەگرێت، کە ئەمەش خاڵێکی جێی ناکۆکییە بۆ ئۆکراینا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ