نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.
 
تۆمەتبارە 23 ساڵانەکە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە شاری ڤیلاک لە باشووری نەمسا دەستبەسەرکرا، ئەمەش دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمنی رووداوەکەیان بە "هێرشێکی ئیسلامی پەیوەندیدار بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی" وەسفکرد. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، تۆمەتبارەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی سڤیل.
 
لە کاتی رووداوەکەدا،  پەناخوازێکی دیکەی سووریایی، وەکو شۆفێری گەیاندنی خواردن کاری دەکرد، رێگری لە هێرشکارەکە کرد و بە کێشانی ئۆتۆمبێلەکەی بە هێرشکارەکەدا، هێرشەکەی راگرت و رێگەی لە قوربانیی زیاتر گرت.
 
هێرشەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کوڕێکی تەمەن 14 ساڵان و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. 
 
داواکارانی گشتی گوتیان، تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا بە تەواوی دانی بە "کردنی تاوانی تیرۆریستی"دا ناوە، کە چەندین تۆمەتی دیکەی وەکو کوشتن و هەوڵدان بۆ کوشتن لەخۆدەگرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی داواکاری گشتیدا هاتووە، ئەو پیاوە "بە مەبەستی ترساندنی جدیی دانیشتووانی سڤیل و بڵاوکردنەوەی تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەدا، کارەکەی کردووە، کە شوێن ئامانجەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەکەوێت."
 
بەگوێرەی یاساکانی نەمسا، ئەگەر تۆمەتبارەکە بەو تاوانانە سزا بدرێت، ئەوا رووبەڕووی سزای 20 ساڵ زیندانیکردن یان زیندانی هەتاهەتایی دەبێتەوە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنی دانیشتنەکانی دادگاییکردنەکەی رانەگەیێندراوە.
 
نەمسا، کە ئەندامێکی یەکێتیی ئەورووپایە، بە گشتی لە هێرشی لەو شێوەیە بەدوور بووە، بەڵام پێشتر تەنیا یەک هێرشی گەورەی جیهادی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020دا بوو، کاتێک لایەنگرێکی سزادراوی رێکخراوی داعش لە ناوەڕاستی ڤیەننای پایتەخت چوار کەسی کوشت، دواتریش لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە