ئەم ساڵ زیاتر لە 40 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردوونەتەوە، رۆژی شەممە، زیاتر لە 700 کۆچبەری دیکە بە چەندین بەلەمی بچووکەوە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتنە کەناراوەکانی بەریتانیا. 
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا وردەکارییەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کە رۆژی شەممە، 11 بەلەم 737 کەسیان هەڵگرتبوو، لە باکووری فەرەنساوە دەستیان بە گەشتەکەیان کردووە و بە سەرکەوتوویی گەیشتوونەتە کەناراوەکانی باشووری ئینگلتەرا. 
 
کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەم رێگە مەترسیدارەدا گەیشتوونەتە بەریتانیا گەیشتە 40,029 کەس.
 
هەرچەندە هێشتا 15 رۆژ لەم ساڵەدا ماوە، بەڵام پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا ژمارەی ساڵی رابردووی تێپەڕاندووە، کە 36,816 کەس بوو.
 
بەرپرسانی چاودێریی سنوور ئاماژەیان بەوە کرد، وەستانە کاتییەکەی پەڕینەوەکان، کە بۆ ماوەی 28 رۆژ بەردەوام بوو، درێژترین ماوەی بووە لە حەوت ساڵی رابردوودا. لەو ماوەیەدا، بەهۆی بای بەهێز و شەپۆلی بەرزەوە، گەیشتنی هیچ بەلەمێک تۆمارنەکراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆ رۆژی هەینی، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندبوو، "ژمارەی ئەوانەی بە بەلەمی بچووک دەپەڕنەوە جێگەی شەرمەزارییە و خەڵکی بەریتانیا شایەنی باشترن،" جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەت رێوشوێنی تووندتر دەگرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە. 
 
وەزارەتەکە راشیگەیاند: "نزیکەی 50,000 کەسمان لەوانەی بە نایاسایی لێرە بوون دوورخستووەتەوە و رێککەوتنە مێژووییەکەمان لەگەڵ فەرەنسا یارمەتیدەر دەبێت لە گەڕاندنەوەی ئەوانەی بەم شێوەیە دەگەن."
 
هەرچەندە بەریتانیا بۆ زۆر کەس شوێنێکی خوازراوە، بەڵام پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز بە یەکێک لە رێڕەوە ئاوییە قەرەباڵخ و مەترسیدارەکانی جیهان دادەنرێت و زۆرجار دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
 
پرسی پەڕینەوە بە بەلەمی بچووک بووەتە یەکێک لە پرسە سیاسییە گەرمەکانی بەریتانیا و سەرنجی بەرفراوانی میدیاکان و رای گشتیی بەلای خۆیدا راکێشاوە. ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی جەماوەری پارتی ریفۆرمی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی نایجڵ فاراژ، سیاسەتمەداری ناسراو بە هەڵوێستە تووندەکانی دژی کۆچبەری. 
 
راپرسییەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن کە لایەنگرانی پارتی ریفۆرم روو لە هەڵکشانن. رۆژی هەینی، پارتەکە رایگەیاند کە بووەتە گەورەترین پارتی سیاسی لە بەریتانیا لە رووی ژمارەی ئەندامانەوە، ئەمەش دوای ئەوەی راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کرد، ژمارەی ئەندامانی پارتی کاری فەرمانڕەوا بۆ خوار 250,000 کەس دابەزیوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتەکەی نایجڵ فاراژ، تاوەکو رۆژی دووشەممە ژمارەی ئەندامانی پارتەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 270,000 ئەندام.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت