ئەندازیاری پەیوەندیی ئێران و حیزبوڵڵا لە ئەمریکای لاتین بناسە؛ دوای مادورۆ چی لێدێت؟

دوێنێ کاژێر 09:24
هیوا جەمال
چیرۆکی تاریق عەیسەمی
چیرۆکی تاریق عەیسەمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە دووریی هەزاران کیلۆمەتر لە تاران و بەیرووت، لە "حەوشەی پشتەوەی ئەمریکا"، کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا مۆڵگەیەکی ئارامیان دۆزیبووەوە. ئەندازیاری ئەو پردە نهێنییە، نە ژەنەڕاڵێکی ئێرانی بوو نە پیاوێکی ئایینی، بەڵکو سیاسەتڤانێکی ڤەنزوێلی بەڕەچەڵەک عەرەب بوو بە ناوی تاریق عەیسەمی.
 
عەیسەمی لە ساڵی 1974 لە خێزانێکی کۆچبەری سووری و لایەنگری حیزبی بەعس لەدایکبوو. ئەو بە خێرایی پلەکانی دەسەڵاتی بڕی؛ لە پەرلەمانتارییەوە بۆ وەزیری نێوخۆ و پاشان جێگری سەرۆک و وەزیری نەوت.
 
عەیسەمی تەنیا "دەستی راستی" نیکۆلاس مادورۆ نەبوو، بەڵکو کلیل و ناوبژیوانی نێوان حکومەتی ڤەنزوێلا و گرووپە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو.
 
مەترسیدارترین دۆسیەی عەیسەمی، "ئۆپەراسیۆنی پاسپۆرتەکان" بوو. لەژێر سەرپەرشتیی ئەودا، نزیکەی 10 هەزار پاسپۆرتی ڤەنزوێلی بە نایاسایی درانە هاووڵاتییانی ئێران و سووریا و ئەندامانی حیزبوڵڵا. 
 
ئەو ناسنامە نوێیانە رێگەی بۆ "تیرۆر و سیخوڕی" خۆشکرد تاوەکو بە ئازادی لە ئەورووپا و کەنەدا و ئەمریکا جووڵە بکەن.
 
هاوکات، ناوی عەیسەمی بە بازرگانیی نێودەوڵەتیی کۆکایینەوە گرێدرا. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2017دا ناوی خستە لیستی رەشەوە و 10 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت بۆ دەستگیرکردنی تەرخانکرد، بە تۆمەتی ئەوەی داهاتی ماددە هۆشبەرەکان بۆ دابینکردنی دارایی حیزبوڵڵا بەکاردەهێنێت.
 
بەڵام کەوتنی ئەو پیاوە بە دەستی واشنتن نەبوو، بەڵکو لە رێگەی "پاکتاوێکی نێوخۆیی"یەوە بوو. لە نیسانی 2024دا، عەیسەمی بە کەلەپچەکراوی دەرکەوت و بە تۆمەتی دزینی ملیاران دۆلار لە داهاتی نەوت لە رێگەی دراوی دیجیتاڵییەوە دەستگیرکرا.
 
ئەمڕۆ، تاریق عەیسەمی لە زینداندایە، بەڵام ئەو تۆڕە نهێنییەی ئەو بۆ ئێران و حیزبوڵڵا لە ئەمریکای لاتین چنیویەتی، وەک مەتەڵێکی گەورە ماوەتەوە؛ ئایا بە رۆیشتنی ئەو کۆتایی هات، یان رەگەکانی قووڵترن لەوەی بە کەلەپچەکردنی کەسێک هەڵبکێشرێن؟
 
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە و چاوی دەزگا و وڵاتانە لەسەر ئەوەیە کە ئایا لەدوای مادورۆ و خێزانەکەی، ئەمریکا داوای عەیسەمی دەکات؟ چارەنووسی ئەو پیاوە کە ناوەکەی وەکو تەلارسازی پەیوەندییە نهینییەکانی ئێران و حیزبوڵڵا لەگەڵ ئەمریکای لاتین دەهات، چی لێدێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگاییکردنی مادورۆ ناڕەزایەتییەکی زۆری لەبەردەم دادگە بەدوای خۆیدا هێنا.

دادگاییکردنی مادورۆ لە نیویۆرک جیهان دابەش دەکات؛ رووسیا و چین هۆشداری تووند دەدەنە ئەمریکا

هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا نیگەرانی لەبارەی ئاشتی جیهانی دروست دەکات، ئەم هەموو کامێرا و هێزی پۆلیس و خۆپیشاندەرانە لە دەرەوەی دادگایەکی شاری نیویۆرک دەری دەخەن دادگاییەکی چەندە نائاسایی لێرە بەڕێوە دەچێت.