رووداو دیجیتاڵ
سۆشیاڵمیدیای دۆناڵد ترەمپ و کۆشکی سپی ڤیدیۆیەکی نیکۆلاس مادورۆیان بڵاوکردووەتەوە کە هەڕەشە دەکات، بەڵام مەبەستەکەیان گۆڕیوە.
لەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە مادورۆ بە تووڕەییەوە دەڵێت، "وەرە بۆم، ئەی ترسنۆک!" لە ڤیدیۆکەدا وایان نیشانداوە ئەو قسەیەی بە ترەمپ گوتووە. هەروەها ڤیدیۆکە مۆنتاژ کراوە و دوای قسەکەی هێزەکانی دێلتا فۆرس دەچن بۆ دەستگیرکردنی مادورۆ.
رۆژی هیوا جەمال فاکت چێکی ڤیدیۆکەی کردووە، دەرکەوتووە لەو ڤیدیۆیەدا چەواشەکاری بەکارهاتووە و نێوەڕۆکەکەی گۆڕدراوە. ئەو گوتارەی مادورۆ پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ نێوخۆییەکانی ڤەنزوێلا لە 30ی تەممووزی 2024، کاتێک مادورۆ هەڕەشەی لە رکابەرە سیاسییەکانی وڵاتەکەی دەکرد.
راستیی ڤیدیۆکە چییە؟
ئەو گوتارە لە کۆشکی "میرافلۆریس" لە کاراکاس پێشکەشکرا، دوای دوو رۆژ لە هەڵبژاردنە جەنجاڵەکەی ڤەنزوێلا. مادورۆ لەو کاتەدا زۆر تووڕە بوو، بەڵام مەبەستی ئەو سێ لایەنە بوو:
1. ئاراستەکردنی قسەکان بۆ "ئێدمۆندۆ گۆنزالێس"
ئەو بەشەی کە ئێستا بووەتە ترێند و ترەمپ بەکاریهێناوە (Venga por mí)، مادورۆ ئاراستەی کاندیدی ئۆپۆزیسیۆنی کرد و گوتی: "بەڕێز گۆنزالێس ئوروتیا، من لێرەم لە میرافلۆریس، مەترسە و وەرە بۆم، ئەی ترسنۆک! (¡Venga por mí, cobarde!). ئەگەر دەڵێیت بردووتەتەوە، وەرە لێرە وەڵام بدەرەوە."
2. هەڕەشە لە "ماریا کۆرینا ماچادۆ"
مادورۆ لە هەمان گوتاردا هێرشی کردە سەر سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن "ماچادۆ" و بە "فاشیست" ناوی برد، هەڕەشەی گرتنی لێ کرد بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ تووندوتیژی. ماچادۆ ئەو چالاکڤانە بوو کە خەڵاتی نۆبڵی بۆ ساڵی 2025 بردەوە.
3. باسی کودەتای "سایبەر" و "میدیایی"
مادورۆ لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد وڵاتەکەی رووبەڕووی کودەتایەکی ئەلیکترۆنی بووەتەوە کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات، نەک ئەوەی راستەوخۆ وەڵامی هێرشێکی سەربازیی ترەمپ بداتەوە.
چۆن چەواشەکارییەکە ئەنجامدراوە؟
دۆناڵد ترەمپ یان تیمی راگەیاندنەکەی، ئەو پارچە ڤیدیۆیەیان بڕیوە کە مادورۆ دەڵێت "وەرە بۆم" و دووریان خستووەتەوە لە نێوەڕۆکە راستەقینەکەی. ترەمپ و دواتر کۆشکی سپی وا نیشانی داوە کە مادورۆ پێش ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا ئەم قسانەی کردووە، لە کاتێکدا ڤیدیۆکە چەند مانگێک پێش ئەو رووداوانە تۆمارکراوە و مادورۆ مەبەستی رکابەرە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی بووە.
ئەو ڤیدیۆیەی ترەمپ بڵاویکردووەتەوە "دیجیتاڵییە و دەستکاری کراوە" مادۆرۆ لەو کاتەدا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی لە شەڕدابوو نەک لەگەڵ سوپای ئەمریکا و خودی دۆناڵد ترەمپ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ