بەریتانیا بۆ پاراستنی هورمز کەشتییەکی جەنگی دەنێرێتە ناوچەکە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی کەشتییەکی تێکشکێنەر رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. ئەم هەنگاوەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ هەر ئەرکێکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پاراستنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز.
 
رۆژی شەممە 09-05-2026 گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند: "جێگیرکردنی کەشتیی جەنگیی دراگن (HMS Dragon) بەشێکە لە پلانێکی ورد بۆ دڵنیابوون لەوەی بەریتانیا ئامادەیە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی بە سەرکردایەتیی هاوبەشی بەریتانیا و فەرەنسا، تەنگەی هورمز بپارێزێت، کاتێک بارودۆخەکە رێگە بدات."
 
بەریتانیا و فەرەنسا مانگی رابردوو رایانگەیاند، پلانە سەربازییەکان بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز خەریکە دەگەنە قۆناخی کۆتایی و سەرکەوتوو دەبن لە دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی بازرگانی بەو رێڕۆ گرنگەدا. 
 
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ناردنی کەشتیی (HMS Dragon) متمانە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەگەڕێنێتەوە و هاوکار دەبێت لە پرۆسەی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین، دوای کۆتاییهاتنی پێکدادانە سەربازییەکان.
 
لە کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژەدا کە لە مانگی نیسان لە لەندەن بە بەشداریی نوێنەرانی زیاتر لە 44 وڵات بەڕێوەچوو، پلانداڕێژەرانی سەربازی باسیان لە وردەکارییەکانی ئەرکێکی فرەنەتەوەیی بە سەرکردایەتیی لەندەن و پاریس کرد بۆ پاراستنی هاتووچۆی کەشتیوانی لەو رێڕۆیەدا. 
 
تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 وڵات رەزامەندییان نیشانداوە بەشداری لەو پلانانەدا بکەن بۆ کردنەوەی هاتووچۆ لە هورمز.
 
پێش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو، نزیکەی پێنج یەکی نەوتی جیهان لە رێگەی ئەو تەنگەیەوە دەگوازرایەوە، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا ئەو بڕە زۆر کەمبووەتەوە؛ چونکە ئێران تاوەکو ئاستێکی زۆر تەنگەکەی داخستووە، ئەمەش بازاڕەکانی جیهانی تووشی شڵەژان کردووە و نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە. دواتریش ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک، گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران.
 
رۆژی شەممە، تاران گومانی خۆی لە رژدیی دیپلۆماسیی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست نیشاندا، ئەمەش دوای دەستپێکردنەوەی پێکدادانە دەریاییەکان لە ناوچەی کەنداو. 
 
رۆژی هەینی 08-05-2026، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی تەقەی لە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کرد کە ئاڵای ئێرانیان بەسەرەوە بوو و پەکیانی خست؛ واشنتن ئەو کەشتییانەی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بشکێنن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Mandel Ngan/ AFP

ترەمپ بۆ رووداو: چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەین و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئازادی هەیە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، چاوەڕێی نامەیەک لە ئێرانەوە دەکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەگەنە ئەنجام، ئەوا دەگەڕێنەوە سەر (پڕۆژەی ئازادی) و هەنگاوی دیکەش دەنێن.