رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هێشتا ئامادەیە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران و گوتی، تاران دەتوانێت متمانە بە گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ "دەوڵەتێکی دۆست" بکات.
رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، پووتین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا ئامادەیە ئەزموونی پێشووی کۆگەکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دووبارە بکاتەوە و گوتی: "لە سەرەتادا هەمووان لەسەر ئەم بابەتە رازی بوون، بەڵام دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی تووندتر کرد." پووتین رایگەیاند، ئێران لە بواری ئەتۆمیدا متمانەی بە رووسیا هەیە و "بۆ ئەم متمانەیەش پاساوی تەواوی هەیە."
سەبارەت بە جەنگی ئێران و ئەمریکا، سەرۆککۆماری رووسیا رایگەیاند، بەردەوامیی ئەم ململانێیە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و هیوای خواست لە زووترین کاتدا کۆتایی پێ بێت. سەرۆکی رووسیا گوتی: "جەنگی نێوان تاران و واشنتن زۆر ئاڵۆزە و مۆسکۆی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە، چونکە ئێمە پەیوەندییەکی باشمان هەم لەگەڵ ئێران و هەم لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی کەنداویشدا هەیە."
پووتین دووپاتی کردەوە، رووسیا بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن، پووتین ئاماژەی بەوە کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "بە راستگۆییەوە" هەوڵ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەر دەدات، بەڵام راشیگەیاند، ئەم بابەتە "لە پلەی یەکەمدا پەیوەندیی بە رووسیا و ئۆکرایناوە هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ