تاران گومانی لە رژدیی واشنتن هەیە و وەڵامی پێشنیازەکەی ئاشتی دوادەخات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆماری ئیسلامیی ئێران گومانی خستە سەر رژدبوونی دیپلۆماسیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەمەش دوای دەستپێکردنەوەی پێکدادانە دەریاییەکان لە ناوچەی کەنداو. تاران تاوەکو ئێستا واشنتنی بەدیار وەڵامی دوایین پێشنیازی دانوستاندنەکانەوە هێشتووەتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی گوتی، چاوەڕێی وەڵامی ئێرانە بۆ نوێترین پێشنیازی واشنتن بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئاگربەستە ناسکەکە و دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی ئاشتی، کە بڕیار وابوو "ئەو شەوە" وەڵامەکە بگات. بەڵام هیچ نیشانەیەک نییە کە تاران وەڵامی نێوەندگیرە پاکستانییەکانی دابێتەوە؛ لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا تورکیاییەکەی، گومانی لە متمانەی سەرکردایەتیی ئەمریکا کرد.
 
بەگوێرەی ئاژانسی (ئیسنا)ـی ئێرانی، عێراقچی گوتوویەتی: "زیادبوونی ئەم دواییەی گرژییەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە کەنداوی فارس و کردەوەکانیان لە پێشێلکردنی ئاگربەست، گومانەکانی لەسەر پاڵنەر و جیدییەتی لایەنی ئەمریکی لە رێگەی دیپلۆماسیدا زیاتر کردووە."
 
پێکدادانی کەشتییەکان و تەنگەی هورمز
 
لە رووداوێکی رۆژی هەینیدا، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی تەقەی لە دوو کەشتیی نەوت بە ئاڵای ئێرانەوە کرد و پەکیانی خست؛ واشنتن ئەو کەشتییانەی تۆمەتبار کرد بەوەی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانیان بەزاندووە. بەرپرسێکی سەربازیی ئێرانی بە میدیای ناوخۆیی وڵاتەکەی گوتووە، هێزی دەریایی ئەوان وەڵامی ئەو "تیرۆرە ئەمریکییەی" لەرێگەی وەشاندنی گورزەوە داوەتەوە و ئێستا پێکدادانەکان وەستاون.
 
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن، شەوی هەینی گرژی لە تەنگەی هورمز دروستبوو؛ ئێران هەوڵدەدات کۆنترۆڵی ئەو رێڕۆیە بکات بۆ وەرگرتنی "باجی تێپەڕین" لە کەشتییە بیانییەکان. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی دووپاتی کردەوە، کۆنترۆڵکردنی ئەم رێڕۆ گرنگەی نەوت لە لایەن تارانەوە "قبووڵنەکراوە."
 
ئێستا واشنتن لەرێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە پێشنیازێکی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست داوەتە ئێران بۆ ئەوەی بوار بۆ دانوستاندن لەسەر چارەسەری کۆتایی ئەو جەنگە بڕەخسێت کە 10 هەفتە پێش ئێستا دەستیپێکرد. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، پێشنیازەکە هێشتا "لە ژێر پێداچوونەوەدایە."
 
پەڵە نەوتێکی گەورە لە نزیک دوورگەی خارگ
 
لەلایەکی دیکەوە، وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریانخستووە، پەڵە نەوتێکی گەورە لە کەناراوەکانی دوورگەی خارگی ئێران بڵاوبووەتەوە، کە ناوەندێکی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەیە. تاوەکو ئێستا هۆکاری رژانی ئەو نەوتە روون نییە، بەڵام بەپێی رێکخراوی (Orbital EOS)، پەڵە نەوتەکە رووبەری زیاتر لە 52 کیلۆمەتر چوارگۆشەی داپۆشیوە.
 
روانگەی ململانێ و ژینگە، کە رێکخراوێکی ناحکومییە و بارەگاکەی لە بەریتانیایە رایگەیاند، تاوەکو رۆژی شەممە پەڵە نەوتەکە کەمبووەتەوە، رەنگە هۆکارەکەشی بوونی کێشە و دزەکردن بێت لە ژێرخانی نەوتی ناوچەکەدا. دوورگەی خارگ شا دەماری ئابووریی تێکشکاوی ئێرانە و دەکەوێتە باکووری تەنگەی هورمز.
 
سعودیە رێگەی بە ئەمریکا نەدا
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی کردنەوەی تەنگەی هورمز، دۆناڵد ترەمپ رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی راگەیاند، بەڵام رۆژی سێشەممە رایگرت بۆ ئەوەی دەرفەت بداتە دانوستاندنەکان. سەرچاوە سعودییەکان رایانگەیاندووە، شانشینی سعودیە داوایەکی ئەمریکای رەتکردووەتەوە بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە؛ یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێ، ریاز پێی وابووە ئەو هەنگاوە تەنیا بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و سوودی نابێت.
 
بەرەی لوبنان؛ بۆردوومان سەرەڕای ئاگربەست
 
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش لە مەترسیدایە. میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، رۆژی شەممە سێ هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر باشووری بەیرووت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سێ هەفتەیە ئاگربەست هەیە. 
 
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لوبنان و ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە واشنتن دانوستاندنی راستەوخۆ بکەن، کە حیزبوڵڵا بە تووندی دژی دەوەستێتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Mandel Ngan/ AFP

ترەمپ بۆ رووداو: چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەین و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئازادی هەیە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، چاوەڕێی نامەیەک لە ئێرانەوە دەکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەگەنە ئەنجام، ئەوا دەگەڕێنەوە سەر (پڕۆژەی ئازادی) و هەنگاوی دیکەش دەنێن.