گەڕانەوەی مۆدی؛هیندستان نارنجی دەپۆشێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای تەنیا دوو ساڵ لە پاشەکشەی پارتی فەرمانڕەوا، نەرێندرا مۆدی جارێکی دیکە لە رێگەی سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکان لە هەڵبژاردنی ویلایەتەکاندا، پێگەی خۆی وەک پیاوی بەهێزی هیندستان جێگیر کردەوەو رێگەی بۆ خولی چوارەمی سەرۆکایەتی خۆش کرد.
 
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەرایییەکانی هەڵبژاردنی پێنج ویلایەت و هەرێمی هیندستان لە 4ی ئایار، شەپۆلێکی گەورەی گۆڕانکاری سیاسی وڵاتەکەی هەژاندووە، لە دەرەوەی ئۆفیسەکانی پارتی بەهاراتیا جاناتا (BJP) لە شاری کۆڵکەتە، شەقامەکان بە رەنگی نارنجی (نیشانەی پارتی فەرمانڕەوا) داپۆشراون. 
 
لایەنگرانی مۆدی ئاهەنگی دەستبەسەرداگرتنی یەکێک لە دوایین قەڵاکانی ئۆپۆزیسیۆن دەگێڕن. ئەم سەرکەوتنەی مۆدی لە ویلایەتی "بەنگالی رۆژئاوا"، تەنیا سەرکەوتنی لە ویلایەتێک نییە، بەڵکو گەڕانەوەیەکی مێژووییە بۆ سەرۆکوەزیرانێک، کە زۆر لە چاودێران پێیان وابوو لە ساڵی 2024دا ئەستێرەی بەختی بەرەو ئاوابوون دەچێت.
 
لە پاشەکشەوە بۆ باڵادەستیی رەها
 
دوای هەڵبژاردنی گشتیی 2024، کاتێک پارتی (BJP) زۆرینەی رەهای لە پەرلەمان لەدەستدا و ناچار بوو حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنێت، ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتی راهول گاندی وای دەبینی، کە مۆدی بریندارێکی سەختە، بەڵام دوای دوو ساڵ، بەپیی ئەنجامە بەراییەکانی  هەڵبژاردن، مۆدی نەک هەر چاک بووەوە، بەڵکو ئێستا پارتەکەی کۆنتڕۆڵی 22 ویلایەت لە کۆی 36 ویلایەت و هەرێمی هیندستانی لەدەستدایە.
چیتج باجپایی، شارەزا لە پەیمانگای چاتام هاوس، دەڵێت: "نووسینەوەی مەرگی سیاسی مۆدی لە ساڵی 2024دا کارێکی پێشوەختە بوو. ئێستا هەمووان چاوەڕێین مۆدی لە ساڵی ٢٠٢٩دا بۆ خولی چوارەم خۆی کاندید بکاتەوە."
 
نهێنیی سەرکەوتنی مۆدی لە چییە؟
 
مۆدی توانیویەتی جۆرێک لە "پۆپۆلیزم" پەیڕەو بکات کە تێکەڵەیەکە لە ناسیۆنالیزمێکی تووندی هیندۆسی و گەشەپێدانی ئابووریی هاوچەرخ. سێ پایەی سەرەکی ئەم سەرکەوتنە بریتین لە:
 
1-شۆڕشی ژێرخان: فراوانکردنی تۆڕی رێگاوبان، فڕۆکەخانەکان و هێڵی ئاسنین کە هیندستانی گۆڕیوە بۆ یەکێک لە خێراترین ئابوورییە گەشەسەندووەکانی جیهان.
 
2- دیجیتاڵکردنی دەوڵەت: دروستکردنی سیستەمێکی بانکی و پارەدانی دیجیتاڵی، کە وایکردووە هاوکارییە داراییەکانی دەوڵەت راستەوخۆ بگاتە دەستی سەدان ملیۆن کەسی هەژار، ئەمەش مۆدی لای چینە نزمەکان کردووەتە "فریادڕەس".
 
3-ناسیۆنالیزمی هیندۆسی: مۆدی بەردەوام جەخت لە ناسنامەی هیندۆسیی وڵات دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە تەنانەت لەو ناوچانەشی کە پێشتر ئۆپۆزیسیۆن تێیدا بەهێز بوو، پێگەی خۆی بەهێز بکات.
 
تۆمەتی "دزینی ئیرادەی گەل"
 
هەمووان بەم گەڕانەوەیەی مۆدی دڵخۆش نین. نەیارەکانی مۆدی، تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە دامەزراوەکانی دەوڵەتی وەک دادگای باڵا و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار دەهێنێت.
 
ماماتا بانێرجی، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی بەنگالی رۆژئاوا، کە بۆ ماوەی سێ خولی لەسەریەک (لە ساڵی 2011وە) دەسەڵاتی لە دەستدا بووە، دوای شکستی پارتەکەی بە تووندی هێرشی کردە سەر مۆدی و گوتی: "ئەمە دزینی ئیرادەی گەلە، من دەست لەکار ناکێشمەوە، با ئەوان بێن و لام ببەن." ئۆپۆزیسیۆن باس لەوە دەکات، کە لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی ٩ ملیۆن دەنگدەر لە لیستەکان سڕدراونەتەوە، کە زۆربەیان لە نەیارانی مۆدی بوون.
 
دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو
 
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، مۆدی توانیویەتی هاوسەنگییەکی سەرسوڕهێنەر رابگرێت؛ لە لایەک پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین و ئیسرائیل هەیە، لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ ئەوروپا رێککەوتنی بازرگانی گەورە واژۆ دەکات و تەنانەت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپیشدا توانیویەتی لە قەیرانی گومرگی دەرباز بێت.
 
ئۆپۆزیسیۆنێکی پەرتەوازە
 
بەشێکی زۆری سەرکەوتنەکانی مۆدی بۆ لاوازیی رکابەرەکانی دەگەڕێتەوە. پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەیانتوانیوە لەسەر بەرنامەیەکی یەکگرتوو رێکبکەون و تەنیا دروشمی "دژایەتی مۆدی"یان بەرزکردووەتەوە، بێ ئەوەی جێگرەوەیەکی راستەقینەیان بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک پێ بێت.
 
ئێستا کە مۆدی تەمەنی 75 ساڵە، نەک هەر نیشانەی ماندوێتی پێوە دیار نییە، بەڵکو پارتەکەی لەوپەڕی هێزیدایە. وەک شارەزایان دەڵێن، "نەخشەی سیاسیی هیندستان خەریکە بە تەواوی رەنگی نارنجی دەپۆشێت" و مۆدی بە هەنگاوی بڕواوە بەرەو ساڵی 2029 و تۆمارکردنی مێژوویەکی نوێ دەڕوات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان

هیچ کام لە بەربژێرە کوردەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا سەرنەکەوتن

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و پەرلەمانە خۆجێییەکانی بەریتانیا گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە نەخشەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا دروست کرد. لە کاتێکدا پارتی ریفۆرم سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد، پارتی کاری فەرمانڕەوا تووشی شکستێکی گەورە بوو. هاوکات هیچ کام لە بەربژێرە کوردەکانیش نەگەیشتنە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان