رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بە روونی دژی هەر دەستوەردانێکی سەربازییە بۆ سەر ئێران و جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ناوچەکە بەرگەی ئاگرێکی نوێ ناگرێت." هەروەها دەڵێت، چارەسەربوونی کێشەکانی سووریا باری پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" سووک دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتەکەی بۆ سعودیە و میسر، لە نێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان دەربارەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رایگەیاند: "بە روونی رامانگەیاندووە دژی دەستوەردانی سەربازین بۆ سەر ئێران و ئەمەمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش گوتووە. ئێستا دەبینم لایەنەکان دەیانەوێ بوار بۆ دیپلۆماسی بکەنەوە، کە ئەمەش پێشهاتێکی ئەرێنییە."
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە ناوچەکە پێویستی بە ئارامییە و وڵاتانی وەک سعودیە و میسریش هەمان خواستیان هەیە. گوتیشی: "ئەو ناسەقامگیرییە سیستماتیكەی ئیسرائیل ساڵانێکی زۆرە لە ناوچەکەدا دروستی کردووە، میسریشی پەکخستووە. میسریش هێندەی ئێمە خوازیاری کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیانە و سەقامگیربوونی فەڵەستینە."
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا و کاریگەرییان لەسەر ناوخۆی تورکیا، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەرکردنی کێشەکانی باکووری سووریا، باری پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" سووک دەکات.
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر کارەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی و گوتی: "کۆمیسیۆنی پەرلەمان خەریکی تەواوکردنی راپۆرتە هاوبەشەکەیەتی. هیوادارین راپۆرتەکە بە دیدگەیەک بێت کە سازان و رێککەوتن بە پرۆسەکە ببەخشێت؛ ئامانجمان ئەوەیە بەو هەنگاوانەی دەینێین، بەرەو تورکیایەکی بێ تیرۆر هەنگاو بنێین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گەشتێکی ناوچەییدا رۆژی سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، سەردانی ریاز، پایتەختی سعودیەی کرد، بۆ رۆژی دواتریش سەردانی قاهیرە، پایتەختی میسری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات، جگە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرسە جیهانی و ناوچەییەکانیان تاوتوێ کرد و ژمارەیەک رێکەوتنی ئابووری و سەربازییان واژۆکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ