رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، رەنگە وڵاتەکەی پێویستی بەوە بێت هێرشەکانی بۆ سەر ئێران "تووندتر بکات" تاوەکو بتوانێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ لێدوانی دژبەیەکی لەسەر شێوازی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دا.
رۆژی یەکشەممە، 22ی ئادار، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی NBCی ئەمریکی رایگەیاند: "هەندێک جار دەبێت گرژییەکان زیاد بکەیت بۆ ئەوەی دواتر کەم ببنەوە." گوتیشی: "ئەمە تاکە زمانە کە ئێرانییەکان لێی تێدەگەن."
ئەم قسانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی شەممە، ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کرد ئەگەر تاران تەنگەی هورمز بە تەواوی نەکاتەوە، لە کاتێکدا رۆژێک پێشتر گوتبووی ئامانجەکانیان "زۆر نزیکن" و بیر لە "کۆتاییهێنان" بە جەنگەکە دەکاتەوە.
هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، کە نزیکەی پێنجیەکی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، وایکردووە نرخی وزە لە جیهاندا زۆر بەرزببێتەوە. بۆ هێورکردنەوەی بازاڕەکانیش، بێسێنت بەشێوەیەکی کاتی سزاکانی سەر ئەو نەوتەی ئێران و رووسیای هەڵگرت کە پێشتر بارکرابوونە سەر کەشتییەکان بۆ ئەوەی بفرۆشرێن.
بەڵام ئەم هەنگاوە رەخنەی لێکەوتەوە و رەخنەگران دەڵێن ئەمە دەبێتە هۆی دابینکردنی پارە بۆ ئێران لە کاتێکدا جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئەو وڵاتە بەردەوامە.
بێسێنت بەرگری لەو بڕیارە کرد و گوتی، ئەمە یارمەتیی هاوبەشەکانی ئەمریکا دەدات و ئەو نرخە کەم دەکاتەوە کە ئێران بۆ نەوتەکەی دەستی دەکەوێت. ئەو روونیکردەوە: "ئەو نەوتەی ئێران هەر دەفرۆشرا بە چینییەکان، ئەویش بە داشکاندن. بۆیە کامیان باشترە؟ ئەگەر نرخی نەوت بگاتە 150 دۆلار و ئێران 70%ی ئەو پارەیە ببات، یان نرخی نەوت لە خوار 100 دۆلار بێت؟"
سەبارەت بە کاتی ئاساییکردنەوەی نرخەکان بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخوولی کۆنگرێس، بێسێنت ئامادە نەبوو کاتێکی دیاریکراو بڵێت: "نازانم ئایا 30 رۆژ، 50 رۆژ یان 100 رۆژ دەخایەنێت." بەڵام جەختی کردەوە کە لەنێوبردنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران شایەنی ئەم "باجە کاتییەیە" بۆ ئەوەی "50 ساڵ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ