ترەمپ: وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئێران ئەنجامێکی نایابی دەبێت؛ ناتۆ هیچ ناکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ئێران تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا بەڵێنەکەی بۆ بۆردوومانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئێران جێبەجێ دەکات، کە بە گوتەی خۆی، ئەنجامێکی "نایاب"ی دەبێت و وڵاتەکە بە تەواوی وێران دەکات. لە هەمان کاتیشدا رەخنەی تووندی لە وڵاتانی ناتۆ گرت.
 
ترەمپ ئێوارەی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی 13ی ئیسرائیل، باسی لە جەنگی دژی ئێران و ئەو دوا مۆڵەتەی کرد کە بە تارانی داوە.
 
ترەمپ بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 48 کاژێری وەک دوا مۆڵەت بۆ ئێران دەستنیشان کردبوو.
 
سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی زۆر تووندی ئاراستەی دەسەڵاتی ئێران کرد و گوتی: "بەمزووانە دەزانن ئەنجامی مۆڵەتەکەی وێستگەکانی کارەبا چی دەبێت - ئەنجامەکەی زۆر باش دەبێت." گوتیشی: "وێرانبوونێکی تەواوەتیی ئێران روودەدات و ئەمە زۆر نایاب دەبێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووندی لە مامەڵەی وڵاتانی ناتۆ گرت بەرامبەر بە تاران. ترەمپ بە کەناڵەکەی گوت: "وڵاتانی ناتۆ هیچ ناکەن، ئەمە زۆر جێگەی داخە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵ زۆر خراپ بووە. ئێستا ئەو سزایە وەردەگرێت کە شایەنیەتی."
 
پێشتر لە هەمان رۆژدا، سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ترەمپ هێرش بکاتە سەر وێستگەکانی وزە، ئەوا بە تەواوی تەنگەی هورمز دادەخەن. 
 
لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا، سوپای پاسداران هۆشداریدا کە لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا، ئەو کۆمپانیایانەی ناوچەکە کە ئەمریکا پشکی تێیاندا هەیە "بە تەواوی وێران دەکرێن"، هەروەها دامەزراوەکانی وزەی ئەو وڵاتانەی بنکەی ئەمریکایان تێدایە، دەبنە "ئامانجی رەوا" بۆ هێرشەکانی ئێران.
 
شەوی رابردوو ترەمپ هەڕەشەیەکی راستەوخۆی لە تاران کرد.
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرشی کردە سەر ترەمپ و رایگەیاند، لە سرووشتی ئەم ململانێیە تێناگات.
 
قالیباف نووسیویەتی، "دڵنیا نیم ئایا هیچ بیرۆکەیەکت نییە لەگەڵ کێ دەجەنگیت، یان تەنیا هەوڵی هەڕەشەکردن دەدەیت." بە گوتەی ئەو، ئەم هەڕەشانە تەنیا دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی وڵاتانی دراوسێی ناوچەکە و گوتی: "ئەگەر پێتوایە بەم شێوەیە دەتوانیت لێیان بەیتەوە، ئەوا زۆر ساویلکەیت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە