رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڤیدیۆیەکی کۆمیدی لە ترووس سۆشیاڵ بڵاوکردەوە، تێیدا گاڵتە بە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەکرێت لە کاتی هەوڵدان بۆ خۆدزینەوە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ترەمپ.
ڤیدیۆکە دیمەنێکی وەرگیراوی بەرنامەی (ساتردەی نایت لایڤ)ـی وەشانی بەریتانییە. تێیدا ئەکتەری رۆڵی ستامەر لە ناو بارەگای سەرۆکوەزیران لە (داونینگ ستریت) بە دۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێوە دەردەکەوێت تەنیا لەبەر ئەگەری کردنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ.
ستامەر روو لە جێگرەکەی دەکات و دەڵێ: "ئەی ئەگەر دۆناڵد بە سەرمدا هاواری کرد؟" کاتێکیش ترەمپ وەڵامی تەلەفۆنەکە دەداتەوە، ستامەر دەستبەجێ هێڵەکە دادەخاتەوە و دەپرسێت بۆچی قسەکردن لەگەڵ ئەم سەرۆکە "ترسناک و ناوازەیە" ئەوەندە سەختە؟
لە بەشێکی دیکەی دیمەنەکەدا، ئەکتەری رۆڵی دەیڤد لامی، جێگری سەرۆکوەزیران بە ستامەر دەڵێ: "گەورەم، راستگۆ بن و پێی بڵێن کە ئێمە ناتوانین کەشتیی زیاتر بۆ تەنگەی هورمز بنێرین." ستامەر لە وەڵامدا دەڵێ: "تەنیا دەمەوێت ئەو بە دڵخۆشی بهێڵمەوە، من دەتوانم ئەو بگۆڕم."
هەرچەندە ترەمپ لە سەر ڤیدیۆکە هیچ لێدوانێکی نەداوە، بەڵام لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە هێرشی تووندی کردووەتە سەر ستامەر و تۆمەتباری کردووە بەوەی وەک پێویست پشتگیری لە ئەمریکا ناکات. ترەمپ پێشتر بە گاڵتەجاڕییەوە گوتبووی: "ئەوەی ئێمە ئێستا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین وینستن چێرچڵ نییە،" ئاماژەی بەوەش کردبوو کە لە هەڵوێستی بەریتانیا رازی نییە.
کییەر ستامەر سەرەتا رەتیکردەوە بەریتانیا هیچ رۆڵێکی هەبێت لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بەڵام دواتر لە ژێر گوشاری تووندی واشنتن رەزامەندی نیشاندا لە سەر بەکارهێنانی دوو بنکەی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ مەبەستی بەرگریی "دیاریکراو و سنووردار".
ئەم ڤیدیۆیە لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و لەندەن بەهۆی جیاوازیی دیدگەیان بۆ جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ساردو سڕییەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ