رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکان لەم رۆژانەدا زۆر بەخێرایی دەدرێن، تەنانەت ئەگەر جیاوازیشیان لەسەر هەبێت، چونكە شێوازێكی روون بۆ بڕیاردان نییە، ئامادەكارییەكی كەمیش دەكرێت بۆ ئەوەی كارەكان بە هەڵەدا نەڕۆن.
رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، لە تەنیشت راوێژكاری ئەڵمانیاوە دانیشتبوو. بۆ ماوەیەكی كورت باسی لەوە كرد، كە لە كۆشكی سپی چۆن بڕیار لەسەر بابەتە گرنگەكان دەدات، وەکو ئەوەی ئایا وڵات بەرەو شەڕ دەبات یان نا.
ترەمپ، گوتی بڕیاری هێرشكردنە سەر ئێران زیاتر پەیوەندیی بە هەستی خۆیەوە هەبووە لەبارەی نیازەكانی ئێران.
كاتێك میوانەكەی، فریدریش مێرتس، بەبێدەنگی دانیشتبوو، ترەمپ گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەو شێتانەدا گفتوگۆمان دەكرد، پێموابوو ئەوان دەیانەوێت یەكەمجار هێرش بكەن. من نەمویست ئەوە رووبدات. بۆیە ئەگەر شتێك هەبێت، رەنگە من ئیسرائیلم ناچار كردبێت. بەڵام ئیسرائیل ئامادە بوو و ئێمەش ئامادە بووین."
رۆژێك پێشتر، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، قسەیەكی جیاوازی كردبوو. روبیۆ، بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو "لەبەر ئەوەی ئیسرائیل ویستوویەتی جووڵە بکات، سەرۆك ترەمپ هیچ رێگەیەکی دیکەی نەبووە جگە لەوەی بەشداری لە هێرشێكی پێشوەختەدا بكات."
رۆژی دواتر، مارکۆ روبیۆ، هەوڵی دا قسەكانی راست بكاتەوە. پاشان رۆژی چوارشەممە، كارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، ترەمپ هەنگاوی ناوە، چونكە "هەستێكی باشی" هەبووە، كە ئێران بەمزووانە هێرش دەكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.
ئەم لێدوانە جیاوازانە ئەو راستییە دەسەلمێنن كە هاوكارانی پێشووی ترەمپ لەسەری كۆكن، ئەویش ئەوەیە، كە ترەمپ گوێ بە رێوشوێنەكانی بڕیاردان و راوێژی راوێژكاران و راپۆرتە هەواڵگرییەكان نادات.
بێگومان هەر سەرۆكێك، شێوازی بڕیاردانی تایبەت بە خۆی هەیە. فرانکلین رۆزڤێڵت، زۆر پشتی بە كابینەیەكی نافەرمی دەبەست. هاری تروومان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی دامەزراند بۆ ئەوەی بە فەرمی بژاردەكان بخاتەڕوو و هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتەكاندا دروست بكات. ریچارد نیكسن و جیمی كارتەر، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییان كردە شوێنێك بۆ دروستكردنی بیرۆكە. لە سەردەمی ئۆبامادا، كارمەندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بەشدارییان لە داڕشتنی سیاسەتەكانی وڵات دا دەكرد.
بەڵام كاتێك ترەمپ هاتە سەر دەسەڵات، ژمارەی كارمەندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی بەلایەنیکەمەوە بۆ 2 لەسەر 3 كەمكردەوە. هەندێك لە ئەندامەكانیشی بەهۆی گومانی ناڕوون لە دڵسۆزییان دەرکرد. ترەمپ، روونیكردووەتەوە، كە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەكەی بۆ پێشنیازكردنی بژاردە نییە، بەڵكو بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی خۆیەتی.
کاتێکیش گفتوگۆ دەکرێت، زۆرجار تەنیا گرووپێکی بچووک بەشدار دەبن. لە بابەتی ئێران دا، ئەو گرووپە پێكهاتوون لە ماركۆ روبیۆ، جەی دی ڤانس، جۆن راتكلیف،براد كووپەر، فەرماندەی سێنتكۆم و ژەنەڕاڵ دان كەین، سەرۆكی ئەركان زانیاریی زۆر لەو كۆبوونەوانەوە دەرناچن، كە ئەمە گۆڕانكارییەكی گەورەیە بە بەراورد بە سەرەتای سەردەمی ئۆباما، كە هەندێكجار گفتوگۆكانی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان پێش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكە دەگەیشتنە میدیاكان.
بەڵام ئەوەی ترەمپ لە نهێنیپارێزی دا بەدەستی دەهێنێت، لە كۆنترۆڵكردنی پەیامەكانی دا لەدەستی دەدات. لەبارەی ئامانجەکانی هێرشی ئێران، ئامانجەکانی ترەمپ لە ڤەنزوێلا، یان تەنانەت هەڕەشەکردن لە گرینلاند، كۆمەڵێك وەڵامی جیاواز هەن. هەرچەندە ئیدارەكەی هەندێكجار ئەم ناکۆکییە وەکو فێڵێکی ستراتیژیی زیرەکانە ناودەبات.
تۆماس رایت، توێژەر لە دامەزراوەی بروكینز دەڵێت، "وا دیارە ترەمپ پێیوایە پێویستی بە بژاردە یان پلانی یەدەگ نییە. ئەو تەنیا تیمێكی بچووكی دەوێت بۆ ئەوەی هەستەكانی خۆی جێبەجێ بكات."
ئەمە زۆر لە وەزیرانی دەرەوە، بەرپرسانی بەرگری و سەرکردەکانی جیهانی نیگەران کردووە. دیپلۆماتکارێکی باڵای عەرەب ئەم هەفتەیە گوتی، حکومەتەکەی نازانێت پلانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ ئێران چییە. لە حکومەتەکانی پێشوودا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانەی دەدایەوە.
دەیڤد رۆسکۆف، نووسەری کتێبی "بەڕێوەبردنی جیهان"، دەڵێت، سەری سووڕماوە کە پرۆسەیەکی روون بۆ بڕیاردان نییە. رۆسکۆف گوتی: "هەرگیز کارێکی سەربازیی وا گەورە و گرنگ بە پلانێکی ئەوەندە کەم نەکراوە." ئەو هەروەها روونیکردەوە سوپا پلانە سەربازییەکان دادەنێت و دواتر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. ئەو دەڵێت: "ئەم پرۆسەیە لەم ئیدارەیەدا زۆر کەمبووەتەوە و نزیکە لەوەی نەمێنێت. هەر پلانێکیش هەبووبێت، زۆرجار سەرۆک پشتگوێی خستووە، چونکە زیاتر لە راوێژکارەکانی پشت بە هەستی خۆی دەبەستێت. رەنگە ئەمە بۆ هەندێک کاری بچووک سەرکەوتوو بێت، بەڵام کاتێک باسی جەنگ لەگەڵ وڵاتێکی گەورەی وەکو ئێران دەکەیت، سەرکەوتوو نابێت.“
کاتێک دۆناڵد ترەمپ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز گوتی، هیوادارە ئەندامانی سوپای پاسداران و بەسیج چەکەکانیان بدەنە دەست "خەڵک"، قسەکەی زیاتر وەکو هیوا دەبینرا، نەک پلان.
سیناتۆر کریس کوونز، سێناتۆری دیموکرات لە ویلایەتی دێلاوێر، دەڵێت: "سەرۆک و ئیدارەکەی بەردەوام هۆکارەکانیان بۆ جەنگ، ماوەی جەنگ، ئامانجەکانیان و تەنانەت ئەوەش دەگۆڕن کە ئایا ئێمە لە جەنگداین یان نا. تاکە شتێک کە نەگۆڕاوە، نەبوونی ستراتیژە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ