رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەرگاکانی بۆ شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردەوە. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فەرماندە رۆهەڵات عەفرین، لە نێو هۆڵەکانی بڕیاردا لە ئەڵمانیا، باسیان لە داهاتووی سووریا و مەترسییەکانی سەر ناوچەکە کرد.
ئەڵمانیا دەیەوێت لە زاری ژنە سەرکردەکانی کوردەوە، نەخشەڕێگەیەک بۆ پشتگیریکردنی رۆژئاوای کوردستان و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بدۆزێتەوە.
بۆدۆ رامەلۆ: نابێت پشت لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بکرێت
بۆدۆ رامەلۆ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) لەبارەی گرنگیی ناوچەکە دەڵێت: "نابێت ئێمە دەستبەرداری ئەو ناوچەیە بین و پشت لە نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بکەین؛ نابێت وازیان لێبهێنرێت."
رامەلۆ رەخنە لە سیاسەتەکانی حکومەتی فیدراڵیی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت: "جێگەی داخە کە حکومەتی فیدراڵی لەمەدا شکست دەهێنێت؛ لە لایەک دەستی هاوکاری بۆ سەرۆکی کاتیی سووریا درێژ دەکات و بەڵێنی دارایی بەرچاوی پێدەدات، بەڵام لە پرسی پاراستنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پاراستنی پێکهاتەکان، مافی کەمینەکان و فرەچەشنیی ئایینی لە ناوچەکەدا شکست دەهێنێت. سووریا شوێنی فرەچەشنییە و دەبێت رێز لەو تایبەتمەندییە بگیرێت و بپارێزرێت."
مەترسییەکانی داعش و رۆڵی ژنان
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەندامانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان ئامادەی بوون، بە وردی باس لە هەڕەشە بەردەوامەکانی پاشماوەکانی داعش کرا. شاندە کوردەکە نیگەرانیی خۆیان نیشاندا لە پشتگوێخستنی رۆڵی ژنان لە پرۆسە سیاسییەکانی سووریا و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). هەر بۆیە داوایان کرد کۆمیتەیەکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و پاراستنی ناوچەکە پێکبهێنرێت.
ئیلهام ئەحمەد: فیدراڵیزم کلیلی چارەسەرە
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا هاوڕابوو کە سیستەمی فیدراڵیزم تەنیا کلیلی چارەسەری قەیرانی سووریایە. جەختیان لەوەش کردەوە کە دەبێت مافی پێکهاتەکان لە دەستووری داهاتووی وڵاتدا جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەرێتەوە.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت کۆمیسیۆنێک درورستبکرێت کە هێڵەکانی نێودەوڵەتیی تێڕوانینێکی دیکەی بۆ هەیە بەڵام هەندێک سەختی هەیە، بۆیە داوامانکردووە ئەو میکانیزمە بگیرێتەبەر."
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەش دا، "خاڵەکانی دیکەی پەیوەندییان بە سووریا هەیە، تێکەڵبوون لەگەڵ حکومەت و بابەتی دوو دەستوور و گەڕانەوەی پەنابەرەکانی عەفرین و ناوچەکانی دیکە و ئازادکردنی بارمتەکانە".
لامیا کادۆر: پێویستمان بە سووریایەکی یەکگرتوو بەڵام نامەرکەزییە
لامیا کادۆر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا، تێڕوانینی خۆی لەسەر داهاتووی وڵاتەکە خستەڕوو و گوتی: "ئەوە بەو مانایە نییە کە دەبێت سووریا دابەشی سەر چوار و پێنج بەش بکەین. من باوەڕم وایە دەکرێت یەک سووریای گەورە هەبێت، بەڵام سووریایەک کە رێگە بە سەربەخۆیی ناوچەیی، ئۆتۆنۆمی و مافی بڕیاردان لە چارەنووس بدات."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لە پرسی مافەکانی ژنان و دادپەروەری کردەوە و گوتی: "دەبێت گرنگی بە بەشداریی ژنان و پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی رابردوو بدرێت. بە بڕوای من پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت؛ هەرچەندە دەزانم تەنیا ساڵێک بەسەر رووخانی ئەسەدا تێپەڕیوە و نابێت چاوەڕوانیی زۆرمان هەبێت، بەڵام پێویستە هەنگاوە سەرەتاییەکان لە ئێستاوە بنرێن، چونکە ئەگەر ئێستا نەکرێن، رەنگە هەرگیز نەکرێن."
ئەم سەردانەی شاندەکە بۆ بەرلین، درێژکراوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیپلۆماسی بوو کە پێشتر ئیلهام ئەحمەد لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەوروپا ئەنجامی دابوون. پەیامی کۆتایی شاندەکە روون بوو: کاتی کارکردنی جدییە بۆ ناساندنی فەرمیی مافەکانی کورد و پاراستنی رۆژئاوای کوردستان لە هەر دەستدرێژییەک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ