رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە کشانەوەی ئیمارات لە رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، بڕیارەکە "نایابە" و ئەوان دەیانەوێت بە رێگەی خۆیاندا بڕۆن؛ دەشڵێت، بڕیارەکە نرخی بەنزین و نەوت دەهێنێتە خوارەوە.
رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی سەبارەت بە کشانەوەی ئیمارات لە رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، "پێموایە نایابە، من زۆر بە باشی دەیناسم، محەممەد (محەممەد بن زاید، میری ئیمارات) کەسێکی زۆر زیرەکە. ئەو رەنگە بیەوێت بە رێگەی خۆیدا بڕوات".
دوێنێ، حکومەتی ئیمارات کشانەوەی لە رێکخراوی ئۆپێک راگەیاند. سوهێل محەممەد، وەزیری وزەی ئیمارات کشانەوەکەی بە هەنگاوێکی ستراتیژی ناوبرد و رایگەیاند، ئەم بڕیارە هاوکار دەبێت لە دابینکردنی خواستی بازاڕ بۆ وزە.
سەبارەت بە کاریگەری بڕیارەکە سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئەوە شتێکی باشە، پێموایە لە کۆتاییدا ئەوە شتێکی باشە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، نەوت، دابەزینی نرخی هەموو شتێک، ئەوان هەموو شتێکیان هەیە".
ترەمپ گوتیشی: "ئەوان هەندێک کێشەیان لە ئۆپێکدا هەیە، پێموایە شتێکی باشە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کێشەکان بدات.
پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران، ئیمارات چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نێو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بوو، ئەوەش دوای سعودیە، رووسیا و عێراق. بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، بە کشانەوەی ئیمارات، رێکخراوی ئۆپێک 13%ی توانای بەرهەمهێنانی خۆی لەدەست دەدات.
جگە لە ناکۆکییەکانی تایبەت بە پشکی بەرهەمهێنان، چەند هۆکارێک لە پشت ئەم بڕیارەی ئیماراتەوەن، لەوانەش پەککەوتنی گواستنەوەی نەوتی وڵاتانی کەنداو بەهۆی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هورمز کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ. هاوکات ساردووسڕیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوزەبی و ریاز بەهۆی جیاوازییەکانیان لە چەند پرسێکی ناوچەیی و بەتایبەتیش شەڕی یەمەن، وەک پاڵنەری دیکەی ئەم هەنگاوە هەژمار دەکرێن.
خۆرخی لیۆن، شیکەرەوە لە کۆمپانیای رایستاد ئینێرجی دەڵێ، کشانەوەی ئیمارات دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە ئازاد بێت لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بێ پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئۆپێک، ئەمەش بازاڕی نەوت ناسەقامگیرتر دەکات و پرسیار لەسەر رۆڵی سعودیە وەک "سەقامگیرکەری سەرەکیی بازاڕ" دروست دەکات.
ئیمارات لە ساڵی 1967ـەوە بووەتە ئەندامی ئۆپێک. پێشتریش لە ساڵی 2024، ئەنگۆلا وەک دوایین وڵات لەو رێکخراوە کشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ