تەندروستیی جیهانی: ئەمریکا قەرزاری ئێمەیە و کشانەوەی بەبێ پارە نابێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا قەرزەکانی ئەندامێتیی خۆی نەداوە. ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجی کشانەوەی واشنتن لە رێکخراوەکە پابەندە بە پێدانی ئەو شایستە داراییانە.
 
تێدرۆس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ کۆمەڵەی پەیامنێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (ACANU) گوتی: "کشانەوەی ئەمریکا بە دوو مەرج بەستراوەتەوە؛ یەکەمیان ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە یەک ساڵ، کە ئەوەیان جێبەجێ کراوە. دووەمیان پێدانی قەرزەکانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچمان پێنەگەیشتووە و هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە واشنتن ئەو پارەیە بدات."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی لە کانوونی دووەمی 2025، ئاگاداریی کشانەوەی یەک ساڵەی وڵاتەکەی پێشکێشی رێکخراوەکە کردبوو. ئەمریکا بە گەورەترین دابینکاری بودجەی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دادەندرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە گوتی، بابەتەکە تەنیا پارە نییە، بەڵکو ئاسایشی تەندروستیی جیهانی پێویستی بە هەمووانە و گوتی: "کشانەوەی ئەمریکا، خۆی و تەواوی جیهانیش ناپارێزراو دەکات، ئەمە دۆخێکی دۆڕان-دۆڕانە بۆ هەردوولا. لە هەر شوێنێکدا بۆشایی هەبێت، ڤایرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت؛ هاوکاری و هاوپشتیی جیهانی باشترین وەڵامە بۆ مەترسییەکان."
 
هەرچەندە ئاڵای ئەمریکا چیدی لەبەردەم بارەگای سەرەکیی رێکخراوەکە لە جنێڤ نییە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەبارەی کشانەوەکە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی وڵاتانی ئەندام (کۆمەڵەی گشتی) دەدرێت کە بڕیارە لە 18 تاوەکو 23ـی مانگی ئایار بەڕێوەبچێت. دەستووری رێکخراوەکە بڕگەیەکی تایبەت بە کشانەوەی تێدا نییە، بەڵام ئەمریکا کاتێک لە ساڵی 1948 بووە ئەندام، مەرجی ئەوەی دابوو کە بۆ کشانەوە دەبێت ساڵێک پێشتر ئاگاداری بدات و شایستە داراییەکانی ئەو ساڵە بە تەواوی بدات.
 
ماوەی ئاگادارکردنەوەکەی واشنتن کۆتاییهاتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانی ساڵانی 2024 و 2025ـی نەداوە، کە نزیکەی 260 ملیۆن دۆلارە.
 
لە مانگی کانوونی دووەمدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و رۆبێرت کەنەدی جونیەر، وەزیری تەندروستیی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر رێکخراوی تەندروستیی جیھانی و تۆمەتباریان کرد بەوەی "هەموو ئەو کارانەی ئەمریکا بۆی کردووە، تێکی داون" و تاوەکو کۆتاییش "بەردەوامە لە سووکایەتیکردن بە ئەمریکا."
 
سەرەڕای ئەو هێرشانە، تێدرۆس گوتی، هێشتا پەیوەندیی لەگەڵ وەزیری تەندروستیی ئەمریکا هەیە و گوتی: "جارجارە پەیوەندیمان هەیە و قسە دەکەین."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ

پووتین و ترەمپ 90 خولەک بە تەلەفۆن باسی جەنگی ئۆکراینا و ئێرانیان کرد

یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆککۆماری رووسیا رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری رووسیا و سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە کاژێر و نیوێک بە تەلەفۆن قسەیان کرد. ئوشاکۆڤ گوتی، گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرکردەکە "راشکاو و بنیاتنەر" بووە.