لەسەر جەنگی ئێران، وەزیری جەنگی ئەمریکا و دیموکراتەکان بەگژ یەکدا چوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە یەکەم گوتاریدا لەبەردەم کۆنگرێس لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، چەندین جار لەگەڵ یاسادانەرانی پارتی دیموکرات تووشی گرژی و دەمەقاڵێ بوو.
 
هێگسەس لەبەردەم لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە تۆنێکی تووند دەستی بە قسەکانی کرد و رایگەیاند، گەورەترین ئاڵنگاری لەم قۆناخەدا بریتییە لە "قسە شکێنەرەکانی دیموکراتەکانی کۆنگرێس و هەندێک لە کۆمارییەکانیش."
 
ئادەم سمیت، باڵاترین ئەندامی دیموکراتەکان لەو لیژنەیەدا، رەخنەی لە لێکەوتە ناوچەییەکانی جەنگەکە و زیانەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا و سڤیلەکان گرت. سمیت داوای وەڵامی روونی کرد لەسەر ئەوەی جەنگەکە بەرەو کوێ دەچێت و پلانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی چییە. سمیت پرسیاری لە هێگسەس کرد کە چۆن ئەم "کردە سەربازییە کوشندانە" دەبنە هۆی باشترکردنی دۆخەکە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کە واشنتن دەیەوێت لەناوی ببات؟ هێگسەس لە وەڵامدا رەخنەی لەو رێککەوتنە ئەتۆمییە "زۆر خراپە" گرت کە ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا لێی کشایەوە.
 
جۆن گارامێندی، ئەندامێکی دیکەی دیموکراتەکان، هێگسەسی تۆمەتبار کرد بەوەی "لە یەکەم رۆژەوە لەبارەی ئەم جەنگەوە درۆی لەگەڵ گەلی ئەمریکا کردووە." گارامێندی رەوشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە "کارەساتێکی جیۆپۆلیتیکی و هەڵەیەکی ستراتیژی" وەسف کرد کە بووەتە هۆی قەیرانی ئابووریی جیهانی. ئەو یاسادانەرە گوتیشی: "لە ماوەی 60 رۆژی جەنگەکەی ترەمپ دژی ئێران، تەقەمەنییە سەرەکییەکان بە رێژەیەکی مەترسیدار بەکارهاتوون، ئەمەش وایکردووە ئاستی کۆگەکانی چەک دابەزێت بۆ کەمتر لەو بڕەی کە پێویستە بۆ بەرپەرچدانەوەی چین."
 
هێگسەس وەڵامی گارامێندی دایەوە و لێی پرسی "تۆ لایەنگریی کێ دەکەیت لێرە؟"
 
سێس موڵتن، یاسادانەری دیموکرات، لە هێگسەسی پرسی ئایا ئەو راوێژی بە ترەمپ داوە هێرش بکاتە سەر ئێران؟ هێگسەس ئامادە نەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، بەڵام دواتر گوتی پێیوایە هێرشەکە "بیرۆکەیەکی باش بووە." سەبارەت بە مەترسیی داخستنی تەنگەی هورمز، وەزیری بەرگری گوتی پێنتاگۆن "سەیری هەموو لایەنەکانی ئەو مەترسییەی کردووە."
 
هەرچەندە وەزارەتی بەرگری نەیتوانی رێگری بکات لە داخستنی تەنگەی هورمز کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و قەیرانی ئابووری، بەڵام واشنتن لە رێگەی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانەوە وەڵامی داوەتەوە و ئێستا بۆ یەکەمجار لە ماوەی 20 ساڵدا، سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کراون.
 
هێگسەس سەبارەت بە تێچووی جەنگەکە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کەمترە لە 25 ملیار دۆلار، وەک وەڵامێکیش بۆ لێژنەکە گوتی: "رێگریکردن لەوەی ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، شایەنی چەندە؟"
 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران شەش خاڵیان بۆ لێپرسینەوە و هێگسەس پێشکەش کرد، بە تۆمەتی کردنی "تاوان و سەرپێچیی گەورە،" لەوانە هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس. هەروەها زیاتر لە 12 یاسادانەر داوای لێکۆڵینەوەی فەرمییان لە کوژرانی شەش سەربازی ئەمریکی لە کوێت کردووە، بەو پێیەی هێگسەس نەیتوانیوە بیانپارێزێت و دواتریش "زانیاریی نادروستی بە خەڵک داوە لەبارەی رووداوەکە."
 
تاوەکو ئێستا لەم جەنگەدا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون؛ شەشیان لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر کوێت، یەکێکیان لە هێرشێک لە سعودیە و شەش سەربازیش لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک لە عێراق، هەروەها 400 سەربازی دیکەش بریندار بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ

پووتین و ترەمپ 90 خولەک بە تەلەفۆن باسی جەنگی ئۆکراینا و ئێرانیان کرد

یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆککۆماری رووسیا رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری رووسیا و سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە کاژێر و نیوێک بە تەلەفۆن قسەیان کرد. ئوشاکۆڤ گوتی، گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرکردەکە "راشکاو و بنیاتنەر" بووە.