سندوقی نێودەوڵەتیی دراو: جەنگی ئێران و ئەمریکا ئابووریی جیهانی خستووەتە لێواری مەترسییەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) هۆشداری دەدات کە جەنگی ئێران و ئەمریکا شۆکێکی گەورەی بۆ ئابووریی جیهان دروست کردووە؛ دەڵێت: "داخستنی تەنگەی هورمز گەورەترین پەککەوتنی بازاڕی نەوتی لە مێژوودا دروست کردووە و نرخی بەرمیلێک نەوتی گەیاندووەتە 120 دۆلار."
 
رۆژی 5ی نیسانی 2026، سندوقی نێودەوڵەتیی دراو راپۆرتێکی لەبارەی کاریگەرییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، جیهان رووبەڕووی شۆکێکی ئابووری بووەتەوە کە ژیان و بژێوی خەڵکی تێکداوە، بەڵام هاوردەکارانی وزە و وڵاتانی هەژار زۆرترین باجی ئەم جەنگە دەدەن.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە کەرتی وزە پشکی شێری زیانەکانی بەرکەوتووە. داخستنی تەنگەی هورمز، گەورەترین پەککەوتنی لە بازاڕی نەوتی جیهانی لە مێژوودا تۆمار کردووە.
 
پێش جەنگ نزیکەی 25% بۆ 30%ی نەوتی جیهان و 20%ی گازی سروشتیی شلکراو (LNG) بەم تەنگەیەدا تێدەپەڕی، بەڵام ئێستا رۆژانە کەمتر لە 2%ی نەوت و گازی جیهان لەوێوە هەناردە دەکرێت. ئەمەش وای کردووە نرخی نەوت لە 72 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبێتەوە.
 
سندوقی دراو ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و بەریتانیا بەهۆی پشتبەستن بە گازەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئیسپانیا بەهۆی وزەی ئەتۆمی و نوێبووەوەوە تا رادەیەک پارێزراون.
 
هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراک
 
جەنگەکە تەنیا وزەی گران نەکردووە، بەڵکو زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکانیشی پەکخستووە. گۆڕینی رێڕەوی کەشتییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (بیمە)، کاتی گەیاندنی کاڵاکانی درێژکردووەتەوە.
 
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان پەککەوتنی گواستنەوەی پەینی کیمیاییە، کە یەک لەسەر سێی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەگوازرایەوە. سندوقەکە دەڵێت: "ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی چاندن، کە هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و نرخی خۆراک لە جیهاندا." بەتایبەت بۆ وڵاتانی کەمداهات کە 36%ی خەرجییەکانیان بۆ خۆراکە.
 
بەردەوامیی بەرزیی نرخەکانی وزە و خۆراک، ئاگری هەڵاوسانی لە جیهاندا خۆشتر کردووە. سندوقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداری دەدات کە بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە وردە وردە دەچێتە ناو نرخی کاڵاکان و ئەمەش مەترسیی داواکاریی زیادکردنی مووچە لە ئەورووپا دەهێنێتە پێشەوە، کە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان قورستر دەکات.
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە کە جەنگەکە بازاڕە داراییەکانی شڵەژاندووە؛ نرخی پشکەکان دابەزیون و تێچووی قەرزکردن بەرزبووەتەوە. هەرچەندە وڵاتانی وەک سعودیە و ئیمارات بەهۆی یەدەگی زۆرەوە باشتر بەرگەی گوشارەکان دەگرن، بەڵام وڵاتانی کەمداهاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا رووبەڕووی کورتهێنانی گەورەی بازرگانی و گوشار لەسەر دراوەکانیان بوونەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی مانگ لە نزیکەوە. وێنە: ناسا

تیمی ئارتیمس2 بە چاوی ئاسایی لێکۆڵینەوە لە مانگ دەکەن

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 ساڵ بە سەر یەکەم گەشتی مرۆڤ بۆ دەوروبەری مانگ، بڕیارە رۆژی دووشەممە کەشتیوانانی ئەرکی ئارتیمس2 ئەو دەستکەوتە دووبارە بکەنەوە، بەڵام ئەمجارە بە بەکارهێنانی سادەترین ئامراز: چاوی ئاسایی مرۆڤ.