ئیدارەی ترەمپ ستراتیژی نوێی (ئەمریکا لەپێش هەمووانەوە)ی راگەیاند؛ رەخنەی تووند لە ئەورووپا دەگرێ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیدارەی ترەمپ ستراتیژیی نوێی ئاسایشی نیشتمانی راگەیاند کە خاڵە لەپێشینەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان دەگۆڕێ و لەگەڵ دیدگەی (ئەمریکا لەپێش هەمووانەوە)ـی خۆیدا دەیانگونجێنێت. ستراتیژییەکە زمانی تووندی بەرامبەر ئەورووپا بەکارهێناوە، رێگە بە فراوانبوونی ناتۆ نادات و دیدگەی نوێی واشنتن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکە دەخاتەڕوو.
 
ئەورووپا؛ سڕینەوەی شارستانی و هاندانی بەرگریکردن
 
ستراتیژییەکە زمانی تووندی بۆ ئەورووپا بەکارهێناوە و پشتیوانی لە بانگەشەی راستڕۆ تووندڕۆیەکان دەکات و دەڵێ، کیشوەرەکە رووبەڕووی "سڕینەوەی شارستانی" بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی کۆچەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "زۆر لە ئەگەرەوە نزیکە کە لە چەند دەیەیەکدا، هەندێک لە ئەندامانی ناتۆ زۆرینەیان نا ئەورووپی بن."
 
راپۆرتەکە داوای "پەرەپێدانی بەرگری" لەنێو ئەورووپادا دەکات. ئیدارەی ترەمپ سەرکۆنەی "سانسۆرکردنی ئازادیی رادەربڕین و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی" لە ئەورووپا کردووە.
 
لە خاڵێکی دیکەیشدا دەڵێ، هیچ فراوانبوونێکی دیکەی ناتۆ لە ئارادا نابێت.
 
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا؛ بایەخی کەمتر
 
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ماوەیەکی زۆر چەقی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بوو، بەڵام ئەم ستراتیژییە داوای کەمکردنەوەی بایەخ بە ناوچەکە دەکات.
 
تێیدا هاتووە کە زیادبوونی سەربەخۆیی وزە واتای ئەوەیە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک جاران پشت بە نەوتی کەنداو نابەستێت، هەروەها ئاماژە بە "لاوازبوونی ئێران" دەکات بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە. 
 
ستراتیژییەکە زۆر بە کەمی باسی ئیسرائیل دەکات و تەنیا دەڵێت، پێویستە "پارێزراو بێت."
 
راپۆرتەکە لەوە زیاتر باسی ئەفریقاش ناکات کە داوای گواستنەوە دەکات لە "یارمەتییەوە" بۆ "سەرنج خستنە سەر دەستەبەرکردنی سەرچاوە گرنگەکان."
 
پەیوەندییەکان لەگەڵ چین
 
دوای دەیان ساڵ لە سەرنج خستنە سەر بەهێزبوونی چین، ستراتیژییەکە چین وەک رکابەرێک ناودەبات، بەڵام زیاتر سەرنجی لەسەر لایەنی ئابوورییە و دەڵێت: "پەیوەندیی ئابووریی ئەمریکا لەگەڵ چین رێکدەکەینەوە و پێشینەیی دەدەین بە مامەڵەی هاوسەنگ و دادپەروەر بۆ گێڕانەوەی سەربەخۆیی ئابووریی ئەمریکا."
 
لەبارەی تایوان، بەڵگەنامەکە پابەند دەبێت بە داواکاریی ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی دۆخی ئێستا، بەڵام داوا لە ژاپۆن و کۆریای باشوور دەکات "زیاتر بەشدار بن" لە دڵنیابوونەوە لە بەرگریی تایوان. هەروەها ستراتیژییەکە پەرۆشیی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هیندستان دەردەبڕێ و هانی نیودێلهی دەدات "بەشداری لە ئاسایشی هیندۆ-پسفیکدا بکات."
 
وڵاتانی هیندۆ پسفیک بریتین لەوانەی دەکەونە رۆژهەڵاتی ئەفریقا، باشووری ئاسیا، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئوسترالیا و دەوروبەری.
 
ئەمریکای لاتین؛ زیندووکردنەوەی بنەماکانی مۆنرۆ
 
ستراتیژییەکە ترەمپ وەک زیندووکەرەوەی "بنەماکانی مۆنرۆ" ناودەبات کە بەیاننامەیەکی ساڵی 1823 بوو و رایگەیاندبوو ئەمریکای لاتین لە دەرەوەی دەسەڵاتی هێزە بیانییەکانە.
 
حکومەتی ئەمریکا دەڵێ، هەوڵ دەدات دەستی بگاتە سەرچاوە و شوێنە ستراتیژییەکان لە ئەمریکای لاتین و دڵنیابێتەوە لەوەی حکومەتەکان "بە شێوەیەکی گونجاو سەقامگیر و رێکخراو بن بۆ رێگریکردن و بێهیواکردنی کۆچی بەکۆمەڵ بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان."
 
ستراتیژییەکە دەڵێت، واشنتن "رێگە بە رکابەرە نانیوەگۆییەکان نادات توانای جێگیرکردنی هێز یان توانای هەڕەشەئامێزی دیکەیان هەبێت."
 
مەبەستی راگەیێندراوەکە لە "نانیوەگۆییەکان" ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی ئەمریکای باکوور، ئەمریکای لاتین، ئەمریکای نێوەڕاست و کاریبین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە