رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک، رووسیا بە پێدانی زانیاریی وردی هەواڵگری بە ئێران یارمەتی تاران دەدات لە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی هەینی، 06ـی ئاداری 2026، سێ بەرپرسی ئاگادار بە رۆژنامەی واشنتن پۆستیان راگەیاند، مۆسکۆ زانیاریی هەواڵگریی هەستیار لەبارەی جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەداتە تاران.
بەرپرسەکان کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێ، ئاماژەیان بەوە کردووە کە رووسیا رێک دوای دەستپێکردنی جەنگەکە لە رۆژى شەممە دەستی بە پێدانی زانیارییەکان کردووە.
باڵیۆزخانەی رووسیا لە واشنتن، و پێنتاگۆن و سی ئاى ئەى رەتیانکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە بدەن. شارەزایانی سەربازی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەم هاوکارییە دەکرێت روونکردنەوەیەک بێت بۆ ئەوەی بۆچی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییەی ئێران بەو وردییە گەیشتوونەتە ئامانجەکانیان.
دارا ماسیکۆت، پسپۆڕی سەربازیی رووسیا لە پەیمانگەی کارنێگی پێیوایە تاران بە ئامانجێکی زۆر وردەوە کار دەکات و گوتی: "ئەوان دەیانەوێ سیستمەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی ئەمریکا پەکبخەن."
هەروەها نیکۆڵ گراجێوسکی، لێکۆڵەر لە زانکۆی هارڤارد ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی ئێران نیشانەی پێشکەوتنێکی زۆر دەدەن و توانیویانە سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان تێپەڕن، کە ئەمەش نیشانەی باشتربوونی توانای پێکانە بەراورد بە جەنگەکانی رابردوو.
ئانا کێلی، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، هێزەکانی ئێران رووبەڕووی زیانی یەکجار گەورە بوونەتەوە، بەڵام ئامادەنەبوو راستەوخۆ باس لە هاوکارییە هەواڵگرییەکانی رووسیا بکات.
کێلی گوتی: "رژێمی ئێران بەتەواوی خەریکە تێکدەشکێت؛ توانای بەرهەمهێنان و هێزە دەریاییەکانیان و هێرشە مووشەکییەکانیان رۆژ بە رۆژ روو لە دابەزینە."
تاران لە رۆژی شەممەوە هەزاران درۆن و سەدان مووشەکی ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو کردووە، کە یەکێکیان لە کوێت بووە هۆی کوژرانی 6 سەربازی ئەمریکی.
پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران لە دوای ساڵی 2022 و دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا چووە قۆناخێکی ستراتیژیی قووڵەوە. لەو کاتەدا تاران تەکنەلۆژیای درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی دایە رووسیا. ئەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ واشنتن پۆست کردووە پێیان وایە مۆسکۆ بە پێدانی زانیاریی هەواڵگری لە جەنگی 2026دا، دەیەوێت ئەو هاوکارییانەی تاران قەرەبوو بکاتەوە.
یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان گوتی، "رووسەکان بە باشی ئاگاداری ئەو هاوکارییە سەربازییانەی ئێمەن کە دەیدەینە ئۆکراینا، بۆیە زۆر دڵخۆشن کە ئێستا بەم شێوەیە تۆڵەمان لێ بکەنەوە."
سەرچاوەکە بە رۆژنامەکەیان گوتووە، هیچ ئاماژەیەک نییە کە نیشانی بدات چین هاوشێوەی رووسیا هاوکاریی سەربازیی ئێرانی کردبێت، سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکانی پەکین و تاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ