رووداو دیجیتاڵ
فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری لە هەرەسهێنانی دەوڵەتی ئێران دەدات و دەڵێ، نایانەوێت "سیناریۆی سووریا" لەو وڵاتەدا دووبارە بێتەوە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی شەپۆلێکی گەورەی کۆچ بەرەو ئەورووپا.
رۆژی هەینی، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نابێت ببێتە هۆی داڕمانی دەوڵەتی ئێران و گوتی: "شەڕی بێ کۆتایی لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە. هەمان شت بۆ هەرەسهێنانی دەوڵەتداریی ئێران یان شەڕی وەکالەت لەسەر خاکی ئەو وڵاتە راستە."
راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد، داڕمانی دەوڵەت لە ئێراندا دەبێتەهۆی لێکەوتەی قورس بۆ سەر ئەورووپا، بەتایبەتی لە بوارەکانی "ئاسایش، دابینکردنی وزە و کۆچ."
مێرتس گوتیشی: "ئێمە لە ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران، هەڕەشەکانی تاران دژی ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی تێرۆر و گرووپە نزیکەکانی هاوڕاین، بەڵام گەلی ئێران مافی خۆیەتی بە ئازادی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات."
مێرتس لە پەراوێزی پێشانگایەکی بازرگانی لە میونشن ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی وڵاتەکەی و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی "هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ پاراستنی سەروەریی ئێران" و گوتی: "نامانەوێت سیناریۆی سووریا ببینین. دەمانەوێت ئەم دەوڵەتە بتوانێت کارەکانی خۆی بکات."
راوێژکاری ئەڵمانیا داوای لە واشنتن و حکومەتی ئیسرائیل کرد، کەشێک بخوڵقێنن بۆ ئەوەی ئێران بە زووترین کات سەقامگیر ببێتەوە، ئەوەش لەپێناو "دوورکەوتنەوە لە شەپۆلی نوێی کۆچبەران لە ناوچەکەوە."
هاوکات، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی باری نائاسایی مرۆیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، دەبێت رێگەی سەلامەت بۆ هەموو ئەو مەدەنییانە دابین بکرێت کە بەهۆی شەڕەوە هەڵدێن.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو قەیرانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە رۆژی شەممەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ