رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە چەند پەرلەمانێکی وڵاتانی ئەورووپا و پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، زنجیرەیەک چالاکی و کۆبوونەوەی تایبەت بۆ پشتیوانیکردن لە رۆژئاوای کوردستان و تاوتوێکردنی دۆخی پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا ئەنجام بدرێن.
رۆژی سێشەممەی داهاتوو، کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی هۆڵەندا کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ نوێنەرانی دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە رێکدەخات. لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەرانی هەموو پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا ئامادەی دەبن، دەیانەوێت لە زاری نوێنەرانی دیاسپۆراوە گوێبیستی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و پێکهاتەکانی سووریا بن بۆ ئەوەی بزانن چییان پێ دەکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر پێشنیازی دۆن سێیدەر، پەرلەمانتاری پارتی کریستیان دیموکراتەکان رێکخراوە؛ سێیدەر پێشتر داوای کردبوو هاوکارییە داراییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا رابگیرێن تاوەکو ئەو کاتەی گەرەنتیی تەواو دەدرێت کە کورد لەو وڵاتەدا پارێزراو دەبن.
هەر رۆژی سێشەممە، لە باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا، ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتە جیاوازەکان لەگەڵ ئەو رۆژنامەڤانانە کۆدەبنەوە کە خۆیان شایەتحاڵی پێشێلکارییەکان بوون لە دژی کورد لە رۆژئاوای کوردستان. ئەم دیدار و گفتوگۆیە لەلایەن سەرباز بەرزنجی-یەوە رێکخراوە.
رۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی ئەورووپا لە شاری شتراسبۆرگ کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام دەدات و تێیدا دەنگ لەسەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیی رۆژئاوای کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا دەدات.
پەرلەمانی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام چەندین پێشێلکاری ئەنجامدراون و بەهۆیانەوە نزیکەی 150 هەزار کورد ناچار بە ئاوارەبوون کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ