رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا تاران هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ واشنتن رەتدەکاتەوە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگادارن دانوستاندن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات.
رۆژی دووشەممە، 23ی ئاداری 2026، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبەردەم لیژنەیەکی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "من پێشوازی لەو راپۆرتانە دەکەم کە باس لە دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە، شانشینی یەکگرتوو "ئاگادارە" گفتوگۆ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، درەنگانی رۆژی یەکشەممە ستامەر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و لەو بابەتە ئاگادار کراوەتەوە.
ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پاڵپشتییە بۆ قسەکانی ترەمپ، کە پێشتر رایگەیاندبوو "خاڵی هاوبەشی گەورە" لە نێوان هەردوولادا هەیە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ هێرشەکانی سەر وێستگەکانی کارەبای ئێرانی راگرتووە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران و میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە بە تووندی هەبوونی هەر جۆرە دانوستاندنێکیان لەگەڵ ئەمریکا رەتکردووەتەوە و لێدوانەکانی ترەمپیان وەکو هەوڵێک بۆ "دابەزاندنی نرخی نەوت" ناوبردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ