رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سوێد رایگەیاند، رێکاری تووندی ئەمنی لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شاری ستۆکھۆڵم دەگرنە بەر و دەسەڵاتی تایبەت بە پۆلیس دەدەن بۆ پشکنینی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێلەکان، ئەوەش بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی رۆژھەڵاتی نێوەڕاستەوەیە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لە رۆژی سێشەممە 24ـی ئادارەوە تاوەکو 7ـی نیسان، ناوچەی (دیپلۆماستادن) لە ناوەندی ستۆکھۆڵم، کە بە (شاری دیپلۆماتەکان) ناسراوە، وەک ناوچەیەکی ئەمنی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەم بڕیارە رێگە بە هێزە ئەمنییەکان دەدات بەبێ هەبوونی گومانی پێشوەختە لە سەر تاوان، پشکنین بۆ هەر کەسێک یان ئۆتۆمبێلێک بکەن کە لەو ناوچەیەدا هاتووچۆ دەکات.
پۆلیسی سوێد لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ململانێ چەکدارییەکانی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست تەنیا لە ناوچە جوگرافییەکەی خۆیدا نەماوەتەوە، بەڵکو لێکەوتەکانی گەیشتووەتە شوێنەکانی دیکەش کە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، جووەکان و ئەمریکای لێیە." ئاماژەی بەوە کرد، پۆلیس خۆی لەو ناوچانە چڕتر دەکاتەوە و رێکاری پێشوەختەی تووند دەگرێتەبەر.
حکومەتی سوێد لە ساڵی 2024ـدا و دوای زیادبوونی تووندوتیژیی باندە تاوانکارییەکان، یاسای دروستکردنی "ناوچەی ئەمنی" پەسند کرد. ئەم هەنگاوە نوێیە دوای ئەوە دێت، دەزگەی ئاسایشی سوێد (SAPO) پێشتر ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی باندی تاوانکاریی ناو سوێدی بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناو ئەو وڵاتەدا رێکخستووە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
ئەم رێکارانە لە کاتێکدان کە لە 28ـی شوباتەوە، بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران، ئاستی مەترسییە ئەمنییەکان لە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە سەرانسەری ئەورووپادا بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ