رووداو دیجیتاڵ
سەرباز بەرزنجی، سیاسەتڤانی ناسراوی کورد لە بەریتانیا، نامەیەکی تایبەتی گەیاندە دەستی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێیدا داوای گەرەنتیکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد لە سووریا و پاراستنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
سەرباز بەرزنجی، کە پێشتر پارێزگاری ناوچەی لامبێس بووە لە لەندەن و ئێستا یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی پارتی کرێکارانی بەریتانیا (Labour Party)، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران لە "داونین ستریت 10"، بۆ بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداو ناوەڕۆکی نامەکەی ئاشکرا کرد.
لە نامەکەدا، بەرزنجی داوای لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کردووە تەواوی توانای دیپلۆماسیی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریا دا، بەتایبەتی "مافی بڕیاردان لە چارەنووس" و پاراستنی قەوارەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری.
بەرزنجی هۆشداری دەداتە حکومەتی بەریتانیا کە نابێت رێگە بدرێت "سەدەیەکی دیکە کورد رەتبکرێتەوە و لەڕووی سیاسییەوە بسڕدرێتەوە."
"پاراستنی کورد وەبەرهێنانە لە ئاسایشدا"
ئەو سیاسەتڤانە کوردە، کە سەرۆکایەتیی گرووپی "لەیبەر فۆ کوردس" دەکات، بە کیەر ستامەری راگەیاندووە کە پشتگیریکردن لە کورد جگە لەوەی ئەرکێکی ئەخلاقییە، لە هەمان کاتدا "وەبەرهێنانێکی ستراتیژییە" بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەرەنگاربوونەوەی تووندئاژۆیی.
بەرزنجی جەخت دەکاتەوە کە بەهێزبوونی ئیدارە کوردییەکان لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان، "گەرەنتییەکی سەرەکییە بۆ رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەکان."
هۆشداری لە قەیرانی کۆچبەری
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا بۆ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرباز بەرزنجی ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەگەر ئیدارە کوردییەکان نەپارێزرێن و بکەونە ژێر هەڕەشەوە، ناوچەکە رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی کۆچبەری دەبێتەوە"؛ قەیرانێک کە بە گوتەی ئەو، "بەریتانیا نە لەڕووی سیاسی و نە لەڕووی جڤاکی و ئەخلاقییەوە، دەرەقەتی لێکەوتە توندەکانی نایەت."
سەرباز بەرزنجی جگە لە پێگە سیاسییەکەی لەنێو پارتی کرێکاران، ئەندامی جڤاتی بیرمەندانی زانستیی ئەو پارتەیە و وەک یەکێک لە دەنگە کاریگەرەکانی کورد لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی بەریتانیا دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ