رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا بڕیاریداوە لە قۆناخی یەکەمدا 16 هەزار سەربازی خۆبەخش وەربگرێت بۆ ئەوەی لەدژی سوپای رووسیا شەڕ بکەن. لە کیێڤ، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک نۆرە دەگرن بۆ ئەوەی خۆیان بۆ ریزەکانی سوپا ناونووس بکەن.
ئۆکراینا لە شەڕدایە و حکومەت رێگە نادات ئەو پیاوانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 60 ساڵدایە وڵات جێبهێڵن. بەشێکی خەڵکیش بڕیاریانداوە هەر بە خۆبەخشی چەک هەڵبگرن. ڤیاچێسلاڤ راچینکۆ، خۆبەخشە و دەڵێت، "ئەمە ئەرکی منە، دەمەوێت سوودم هەبێت و وڵاتەکەم بپارێزم. دەمەوێت دژی ئەوان شەڕ بکەم. بە تەنیا لێرە ماوم و دەمەوێت خێزانەکەم هەرچی زووە بگەڕێنەوە ئۆکراینا."
ناونووسینی ئەو خەڵکە لە کاتێکدایە، رۆژی 27ـی مانگی رابردوو و تەنیا سێ رۆژ دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی رووسیا، ڤۆلۆدێمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئامادەن هەر کەسێک لە ریزەکانی سوپادا وەربگرن کە دژی رووسیا شەڕ دەکات. حکومەت بڕیاریداوە لە قۆناخی یەکەمدا 16 هەزار خۆبەخش وەربگرێت.
مارک ئایرێس، سەربازی بەریتانیایە بە خۆبەخش لەگەڵ سوپای ئۆکراینا خۆی ناونووس کردووە، ئەو دەڵێت، "هیچ خەیاڵێکم نییە و هیچ بیرۆکەی رۆمانسیم بۆ شەڕ نییە یان ئەوەتا بڵێم دەبمە پاڵەوان یان جیاوازییەک دروستدەکەم، بەڵام ئەمە ئەو شتەیە کە دەیکەم."
تەنیا ئۆکراینییەکان نین بەمجۆرە بەرگریی لە شارەکانیان دەکەن. جۆن سینێت و ناتاشای هاوژینی، دوو هاووڵاتیی ئەمریکین و لە کیێڤ دەژین. ئەوان دەڵێن ئامادەن چەک هەڵبگرن و شەڕ بکەن، نەوەک ئەوەی ئەو وڵاتە جێبهێڵن کە ماوەی چەند ساڵێکە تێیدا دەژین.
ناتاشا گوتی، "ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە کە ئەگەر چەکم هەبێت و شەڕ نزیک بێتەوە، ئامادەم شەڕ دەکەم." هەروەها جۆنی هاوژینیشی باسی لەوە کرد، "ئەگەر دەستمان بە چەک بگات، بەڵێ شەڕ دەکەین، بەڵێ."
دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە وڵاتەکە و زیادبوونی پاڵپشتیی دارایی وڵاتانی رۆژئاوا بۆی، ئۆکراینا بڕیاریدا مووچەی هەر سەربازێکی سوپاکەی بکاتە 3400 دۆلار، ئەوە لە کاتێکدایە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە مووچەکەیان 800 دۆلار زیاتر نەبوو.
ئۆکراینا نزیکەی 270 هەزار سەربازی هەیە، بەڵام حکومەت دەڵێت، درێژەکێشانی شەڕەکە و بەرفراوانبوونی هێرشەکانی رووسیا واتای ئەوەیە، کەسی زیاتری بۆ ریزەکانی سوپاکەی پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ