رووداو دیجیتاڵ
تەنیا دوو رۆژ دوای راگەیاندنی، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی دا بە راگرتنی ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی) بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز. ئەم بڕیارە وەک دەرفەتێک بۆ سەرخستنی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ تاران دەبینرێ، دوای ئەوەی نێوەندگیرەکان ئاماژەیان بە "پێشکەوتنی باش" کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، لەسەر داوای پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکەی نێوەندگیر، بڕیاری داوە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ماوەیەکی کاتی رابگرێ.
ترەمپ نووسیویەتی، "پێشکەوتنی گەورە بەرەو رێککەوتنێکی باش و تەواوەتی بەدەستهاتووە. هەربۆیە رێککەوتین کە پڕۆژەی ئازادی بۆ ماوەیەکی کورت رابگرین، بەڵام گەمارۆ دەریاییەکە بە تەواوی بەردەوام دەبێت تاوەکو بزانین ئایا رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت یان نا."
هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، قۆناخی هێرشبەریی سوپای وڵاتەکەی دژی ئێران، کە بە (ئۆپەراسیۆنی توڕەیی داستانئاسا) ناسرابوو، بە فەرمی کۆتایی هاتووە.
روبیۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئامادە بوو، گوتی کە ئامانجە سەربازییەکانی جەنگەکە بەدیهاتوون و ئابووریی ئێران رووبەڕووی وێرانکارییەکی کارەساتبار" بووەتەوە، هەربۆیە ئێستا واشنتن دەیەوێ لەرێگەی دیپلۆماسییەوە دۆسیەکە کۆتایی پێ بهێنێت.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لەبارەی گەمارۆکە گوتی، "ئێران دەیەوێ رێککەوتن بکات و نایەوێ گەمارۆکە بەردەوام بێت. منیش نامەوێ [گەمارۆکە لابدەم]، چونکە نامەوێ چەکی ئەتۆمییان هەبێت." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران ناتوانێت نەوت هەناردە بکات و ئەوەش رووبەڕووی کێشەی کردوەتەوە.
هاوکات محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی لە گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد لەوەڵامدا گوتی، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی دەریایی وڵاتەکەی بێ ئەنجام دەبن و بە تانەشەوە ئاماژە بە درێژیی سنوورەکانی ئێران دەکات و گوتی، "سەرکەوتوو بن لە گەمارۆدانی وڵاتێک کە سنوورێکی گەورەی هەبێت."
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتی 2026 بە هێرشی چڕ بۆ سەر تاران دەستیپێکرد. لەو کاتەوە ئێران چەندین سەرکردەی باڵای لەدەستداوە و ژێرخانی ئابوورییەکەی زیانی زۆری بەرکەوتووە. تاران لە وەڵامدا تەنگەی هورمزی داخست و هێرشی کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمریکاش بە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و دەستپێکردنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ پاسەوانیی کەشتییەکان وەڵامی دایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ