رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هاونیشتمانییەک لە بەریتانیا سکاڵای ئەوەی کرد کە باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن بۆ بەڵگەنامەی مردنی کوڕەپوورەکەی داوای 600 پاوەندی لێکردووە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە رایدەگەیێنێت، هاونیشتمانییان دەتوانن راستەوخۆ لە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان مامەڵەکانیان رایی بکەن.
رێبین لوقمان، ئەو هاونیشتمانییەی نیشتەجێی بەریتانیایە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ رادیۆی رووداو گوتی، سەرەڕای ئەوەی تێچووی بەڵگەنامەی مردن لە وێبسایتی فەرمیی باڵیۆزخانەی عێراق تەنیا 10 هەزار دیناری عێراقی بۆ دیاریکراوە، بەڵام باڵیۆزخانەی عێراق بە پاساوی دواکەوتنی مامەڵەکە داوای 600 پاوەندی (816 دۆلار)ی لێکردوون، ئەمەش لە کاتێکدا خێزانی کۆچکردووەکە لە هەولێر بۆ کاروباری دادگە چاوەڕێی ئەو مامەڵەیەن.
لە وەڵامی ئەم کێشەیەدا، کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بۆ مامەڵەی کۆچی دوایی، دوای ئەوەی لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پەڕاوەکان پشتڕاست دەکرێنەوە، هاونیشتمانییان دەتوانن بیانهێنن بۆ نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان. ئێمە لای خۆمان بۆیان پشتڕاست دەکەینەوە و پێویست بە باڵیۆزخانەی عێراق ناکات."
سەبارەت بە تێچووی مامەڵەکان و ئەو بڕە پارە زۆرەی باس دەکرێ، کاروان جەمال تاهیر گوتی: "ئەو قسانە راست نین کە داوای پارەی زۆر دەکرێ. رسووماتی فەرمی لەنێوان 25 بۆ 30 پاوەنددایە. ئەمە کارێکی یاساییە و رێکارەکان روونن."
نوێنەری حکومەت داوای لە هاونیشتمانییان کرد بۆ رێنمایی و راییکردنی کارەکانیان، پەیوەندی بە وێبسایت و ژمارە تەلەفۆنە فەرمییەکانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بکەن.
https://uk.gov.krd/
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ