ئوسترالیا بۆ هاووڵاتییە داعشەکانی: بگەڕێنەوە دادگایی دەکرێن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتدارانی ئوستراڵیا رایانگەیاند، گرووپێکی 13 کەسی کە پێکهاتوون لە چوار ژن و نۆ منداڵ و پەیوەندییان بە "داعش"ەوە هەبووە، بڕیاریانداوە لە سووریاوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان؛ حکومەتی ئوستوراڵیاش هۆشداری دەدات کە بەشێکیان رووبەڕووی دەستگیرکردن و دادگا دەبنەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، بەرپرسانی ئوستراڵیا ئاشکرایان کرد کە ئەم 13 هاووڵاتییە لە کامپی 'رۆژ' لە باکووری سووریا نیشتەجێبوون و بلیتەکانیان بڕیوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بگەنە فڕۆکەخانەکانی سیدنی و مێلبۆرن.
 
تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوستراڵیا، بە تووندی رەخنەی لەو کەسانە گرت و رایگەیاند، حکومەت هیچ جۆرە هاوکارییەکیان پێشکەش ناکات. بێرک گوتی: "ئەوان بڕیارێکی ترسناک و قێزەونیان داوە. نەبوونی هیچ پشتیوانییەکی حکومەت بۆ ئەم کەسانە، رەنگدانەوەی راستەوخۆی ئەو بڕیارانەیە کە خۆیان داویانە."
 
کریسی بارێت، کۆمیسیاری پۆلیسی فیدراڵیی ئوستراڵیا رایگەیاند، ژمارەیەک لەو کەسانە هەر لە کاتی گەیشتنەوەیاندا دەستگیر دەکرێن و تۆمەتی تاوانکارییان ئاراستە دەکرێت. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، لە ناو خاکی سووریاوە بەڵگەی پێویستیان کۆکردوەتەوە سەبارەت بە تێوەگلانی ئەم هاوڵاتیانە لە تاوانەکانی وەک گەشتکردن بۆ ناوچەی قەدەخەکراو و بازرگانیکردن بە مرۆڤ. 
 
سەبارەت بە منداڵەکان، بڕیار وایە بخرێنە ناو بەرنامەکانی پشتیوانی و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە، بەڵام دایکی منداڵەکان دەخرێنە ژێر لێکۆڵینەوەی ورد.
 
گەڕانەوەی ئەم گرووپە لە کاتێکدایە کە لە مانگی شوباتدا هەوڵێکی گەورەتری گرووپێکی 34 کەسی بۆ گەڕانەوە پەکخرا. وەزیری ناوخۆ گوتی کە لە ساڵی 2014ەوە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان پلانیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەڕانەوەی ئەندامانی گرووپە تووندڕەوەکان هەیە.
 
زۆربەی ئەم ژنانە لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2016 ئوستراڵیان جێهێشتبوو تاوەکو بچنە پاڵ هاوسەرەکانیان کە بووبوونە چەکداری داعش. بێرک ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئەوان حەز بە گەڕانەوەی ئەم کەسانە ناکەن، بەڵام "سنوورێکی یاسایی" هەیە بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لە گەڕانەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران و ئەمریکا

پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران چی تێدایە؟

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک بوونەتەوە. ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، واشنتن چاوەڕێی وەڵامی تاران دەکات لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی و ئەگەر هەیە لە 48 کاژێری داهاتوودا پێشکەوتنێکی گەورە بەدیبێت.