راپۆرتێک: پارچەکانی درۆن بە ئاشکرا لە چینەوە دەگەنە تاران

47 خولەک له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لووتکە، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ پەردە لەسەر شکستی سزاکانی واشنتن لادەبات لە راگرتنی رەوتی گەیشتنی تەکنەلۆژیا بۆ کارگەکانی درۆن لە ئێران و رووسیا. بەگوێرەی راپۆرتەکە کۆمپانیا چینییەکان بە ئاشکرا و بەبێ ترس لە سزا، پارچەی هەستیار بۆ تاران و مۆسکۆ دابین دەکەن.
 
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، سەرەڕای هەوڵە چڕەکانی ئەمریکا، کۆمپانیا چینییەکان سەرقاڵی هەناردەکردنی ئەو کاڵایانەن کە "بەکارهێنانی دووفاقە"یان هەیە، وەک بزوێنەر، پاتری و کێبڵی فایبەر ئۆپتیک، کە راستەوخۆ لە درۆنە بۆمبڕێژکراوەکاندا بەکاردەهێنرێن.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بە رووداوێکی سەرنجڕاکێش دەدات؛ لە 5ی ئاداری 2026دا، رێک لەو کاتەی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان دەکردە سەر ئامانجە ئێرانییەکان، کۆمپانیایەکی چینی بە ناوی (سەرکەوتنی تەکنەلۆژیای شیمان) ئیمەیڵێکی بۆ کڕیارە ئێرانییەکانی ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: "ئێمە بەو دەستدرێژییەی کراوەتە سەر ئێران شۆک بووین و دڵمان لەگەڵ ئێوەیە."
 
ئەو کۆمپانیا چینییە لە پەیامەکەیدا پێشنیازی فرۆشتنی بزوێنەری جۆری (LimbachL550)ی کردووە؛ ئەم بزوێنەرە پارچەیەکی سەرەکییە لە درۆنی "شاهید 136"ی ئێرانی، کە رووسیاش بە شێوەیەکی فراوان لە جەنگی ئۆکراینادا بەکاری دەهێنێت و ئەمریکا فرۆشتنی بە هەردوو وڵات قەدەخە کردووە.
 
گەورەترین ئاستەنگی بەردەم بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیە کە درۆنەکان بە پێچەوانەی مووشەکی بالیستی، لە پارچەی سادە و باو دروست دەکرێن کە لە بازاڕە مەدەنییەکاندا دەستدەکەون. داتاکانی گومرگی چین نیشانی دەدەن کە سەدان کۆنتێنەر پڕ لە بزوێنەر، چیپی کۆمپیوتەر، کێبڵی فایبەر ئۆپتیک و جایرۆسکۆپ رەوانەی تاران و مۆسکۆ دەکرێن.
 
شارەزایان دەڵێن، لە رابردوودا چینییەکان ناوی بارەکانیان دەگۆڕی تاوەکو لە سزاکان دەرباز بن، بەڵام ئێستا بە ئاشکرا بازرگانییەکە دەکەن. بۆ نموونە، لە پایزی 2024دا هەناردەی کێبڵی فایبەر ئۆپتیک بۆ رووسیا بە شێوەیەکی کتوپڕ بەرزبووەوە، ئەمەش رێک دوای ئەوەبوو کە مۆسکۆ تەکنەلۆژیای درۆنی کێبڵیی دژی سیستەمە تێکدەرەکانی ئۆکراینا بەکارهێنا.
 
لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەریدەخەن کە زۆربەی پارچە ئەمریکی و ئەورووپییەکان لە رێگەی "کۆمپانیا وەهمییەکان" لە هۆنگ کۆنگەوە دەگەنە چین و لەوێوە بۆ ئێران دەگوازرێنەوە. بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا دەڵێن، حکومەتی چین بە ئەنقەست چاوی خۆی لەم رەوتە دەپۆشێت و رێگە دەدات تاران جبەخانەکانی بەرهەمی چینی تەیار بکات.
 
بەهۆی ئەوەی رێگریکردن لە گەیشتنی پارچە بچووکەکانی درۆن کارێکی ئێجگار قورسە، واشنتن ستراتیژییەکەی گۆڕیوە. ئێستا ئەمریکا سەرنجی خستووەتە سەر "بڕینی سەری مارەکە" کە ئەویش داهاتی نەوتی ئێرانە.
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی دەڵێت: "ئێمە ئێستا سەرنجمان لەسەر داهاتەکانە. ئەگەر بتوانین رێگری لە فرۆشتنی نەوت بکەین، تاران بودجەی پێویستی نابێت بۆ دابینکردنی پارەی کارگەکانی درۆن." ئەم هەوڵە نوێیەی واشنتن لە کاتێکدایە کە کێبڕکێی تەکنەلۆژی لەگەڵ چین گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار و درۆنەکان هاوسەنگیی هێزیان لە ناوچەکەدا گۆڕیوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران و ئەمریکا

پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران چی تێدایە؟

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک بوونەتەوە. ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، واشنتن چاوەڕێی وەڵامی تاران دەکات لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی و ئەگەر هەیە لە 48 کاژێری داهاتوودا پێشکەوتنێکی گەورە بەدیبێت.